بە هەوڵ و بەدواداچونی سەرۆک کۆمار دەیان خێزانی ئاوارە دەستیان بە گەڕانەوە بۆ ناوچەی نیشتەجێبونیان کردوە

سیاسی
  • 14-11-2023, 17:51
  • +A -A

    به‌غدا-INA
    نووسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار له‌راگه‌یندراوێكدا كه‌ئاژانسی هه‌واڵی عێراقی وه‌ریگرتووه‌ راگه‌یاندووه‌" سەرۆکایەتی کۆمار گرنگییەکی تایبەتی دەدات بە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی نیشتەجێبونیان، ئەمەش لەڕێگەی بەدواداچونی راستەوخۆی دکتۆر لەتیف جەمال رەشید سەرۆک کۆمارەوە دێت سەبارەت بە بارودۆخی ئاوارەکان لەوکاتەوەی پۆستەکەی وەرگرتووە، هەروەها پەرۆشی بۆ چارەسەرکردنی دۆسێی ئاوارەکان و دۆزینەوەی چارەسەری ریشەیی بۆ ئەم کێشە مرۆییە، کە ئەوەش لەڕێگای بونیادنانەوەی ناوچەکانیان و چاککردنەوەی ژێرخانی ئابوری و دابینکردنی خزمەتگوزارییە پێویستەکان و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیرییە.
    سەرۆک کۆمار دەیان کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدار و رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجامدا و سەردانی کەمپەکانی ئاوارەکانی کرد بۆ بەسەرکردنەوەی بارودۆخیان و گوێی لە ئازارەکانیان گرت، ئەو هەوڵ و بەدواداچونە بەردەوامانەی بەڕێزیان بوەهۆی گەڕانەوەی دەیان خێزان بۆ شارۆچکەی شنگال و ناوچەکانیان وەک یەکەم هەنگاو بەرەو گەڕاندنەوەی هەموو ئاوارەکان و داخستنی کەمپەکانی ئاوارەبون و کۆتاییهێنان بەو بارودۆخە سەختە مرۆییانە، کە لێکەوتەی کارەکانی باندە تیرۆریستیەکانی داعش بوو، کە ئەو خەڵکە بێ تاوانەی کردبوە ئامانج، هەر لە پێشێلکردنی ماف و پیرۆزییەکان و هێرشکردنەسەر شوێنەکانی پەرستش و شوێنەوارە شارستانی و کلتورییەکان.
    گەڕانەوەی خۆبەخشی خێزانە ئاوارەکان سەرەتایەکی باشە بۆ راستکردنەوەی ئەو لێکترازانەی تیرۆر لەنێوان پێکهاتە کۆمەڵایەتیەکاندا بەجێیهێشتوە و هەنگاوێکی نوێیە بەرەو بەرجەستەکردنی ئاسۆی  ژینگەیەکی ئارام لەسەر بنەمای لێبوردەیی و برایەتی و پتەوکردنی پێکەوەژیانی مەدەنیی ئاشتیانە و چەسپاندنی یەکێتیی نیشتمانی لەنێوان هەموو پێکهاتەکانی گەلی عیراقدا.
    هەروەها مسۆگەرکردنی گەڕانەوەی ئاوارەکان، رەنگدانەوەی کۆتایی سەردەمی تاریکستانی و ئازارەکانی کۆمەڵگە و شارەکان و خێزانەکانە، کە لە ستەم و زۆرداری و نادادپەروەریدا ژیاون و بەرگەی ئازاری ئاوارەبونیان گرتووە. پێکەوە بەپەرۆشین بۆ ئازادی مرۆڤ، پاراستنی شکۆمەندی و دەستەبەرکردنی مافەکانی لەژیانێکی ئارام و ئاشتیدا، کە یەکێکە لە ئامانجەکانمان و دەستبەرداری نابین.
    ئەو هەوڵانەی لەلایەن وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران و دەزگا ئەمنییەکان و لایەنەکانی دیکەوە دراون شایانی ستایشن، چونکە بەبێ ئەو هەوڵانە ئاوارەکان نەیاندەتوانی بە ئارامی بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.