لە یادی دامەزراندنی سلێمانیدا قوباد تاڵەبانی سێ پرۆژەی گرنگی راده‌گەینێت

سیاسی
  • 14-11-2023, 14:06
  • +A -A

    سلێمانی ـ INA   
    قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە وتارێکیدا لە یەکەمین کۆنفڕانسی رێکخراوی مید، سێ پرۆژەی شۆڕشی داتا و سمارت سولی و سازدانی کۆڕبەندی گەنجانەی تەکنەلۆژیا بۆ داهێنان و کارسازی راگەیاند.
    نووسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌راگه‌یێندراوێكدا كه‌بۆ ئاژانسی هه‌واڵی عێراقی ناردووه‌، راگه‌یاندووه‌" کۆنفڕانسەکە رۆژی سێ شەمە، ١٤ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣ لەژێر ناونیشانی " دەستپێشخەری شۆڕشی داتا و چارەسەرە زیرەکەکان بۆ گەشەپێدانی هەرێمی" لەلایەن رێکخراوی میدەوە بەڕێوەچوو. جێگری سەرۆک وەزیران لە وتاری کردنەوەی کۆنفڕانسەکەدا لەگەڵ پیرۆزبایی یادی ٢٣٩ ساڵەی دامەزراندنی سلێمانی ئاماژەی بە گرنگی گەشەپێدانی ناوچەیی کرد لە کوردستان و رایگەیاند ئەزمونی دوو دەیەی رابردووی گەشەپێدان لە هەرێمی کوردستان نیشانی دەدات کە گرنگی بە شارەگەورەکان و سەنتەری پارێزگاکان دراوە و شارۆچکەکان و قەزا و ناحیە و گوندەکان تا رادەیەکی زۆر پەراوێز خراون.
    قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە کوردستان نابێتە خاوەن ئابورییەکی سەقامگیر و گەشەسەندوو و شارە گەورەکانیش بە شێوەیەکی راستەقینە گەشە ناکەن، ئەگەر مۆدێلێک لە حوکمڕانی و گەشەپێدانی ناوچەیی جێبەجێ نەکەین کە تێیدا سامان و توانا مرۆیی و سروشتییەکانی شارۆچکە و ناحیە و گوندەکانیش نەخرێنە خزمەت پرۆسەی گەشەپێدانەوە.
    له‌به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یێندراوه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکرد، گەشەپێدانی ناوچەیی بەبێ بوونی پلانی زانستی روونادات و پلانی زانستیش بەبوونی داتای ورد و زانستی واتای نییە و بوونی داتای بە هەنگاوی یەکەم و بنەڕەتی وەسف کرد. لەم چوارچێوەیەشدا پڕۆژەی شۆڕشی داتای راگەیاند و پشتگیری تەواوی خۆی بۆ رێکخراوی مید دەربڕی کە گرنگی بە کۆکردنەوە و ئامادەکردنی داتای ورد و زانستی دەدات بە ئامانجی پێشخستنی پرۆسەی گەشەپێدانی ناوچەیی.
    بۆ سەرخستنی شۆڕشی داتا، جێگری سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە لەسەر گرنگی هاوکاری و هەماهەنگی لەنێوان حکومەت و کەرتی تایبەت و زانکۆکان و ناوەندە ئەکادیمییەکان و کۆمەڵگای مەدەنی. راشیگەیاند ئەو داتایانەی کۆدەکرێنەوە دەبێت بۆ هەموو کەسێک بەردەست بێت و نابێت قۆرخ بکرێن.
    دووەمین پڕۆژە کە قوباد تاڵەبانی لە وتارەکەیدا رایگەیاند، پڕۆژەی سمارت سولی یان سلێمانی زیرەک بوو، ئامانجی پڕۆژەکەش بەشداریپێکردنی هاوڵاتییانە لە چارەسەرکردنی کێشەکاندا.
    لەمبارەیەوە جێگری سەرۆکی حكومه‌ت ئاماژەی بەوەدا کە نابێت بەشداریپێکردنی هاوڵاتییان کورت بکرێتەوە بە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا، بەڵکو هاوڵاتییان دەبێت لەڕێگەی میکانیزمێکەوە بەشداربن لە چارەسەرکردنی کێشەکان و گەشەپێدانی کۆمەڵگاشدا کە پڕۆژەی سمارت سولی ئەو دەرفەتە بۆ هاوڵاتییان و هەردوو کەرتی گشتی و تایبەت دەڕەخسێنێت.
    وتیشی پڕۆژەی سمارت سولی پردی پەیوەندیی حکومەت و کەرتی تایبەتە لەگەڵ زانکۆکان و ناوەندە ئەکادیمییەکان و هاوڵاتییاندا و بە تایبەتیش رۆڵی ناوەندە ئەکادیمییەکان و زانکۆکان لە چارەسەرکردنی کێشەکان و گەشەپێداندا بە‌هێزتر دەکات.
    سێیەمین پڕۆژە کە قوباد تاڵەبانی لە وتارەکەیدا ئاماژەی پێدا، سازادنی کۆڕبەندێکی گەنجانەی تەکنەلۆژیا بۆ داهێنان و کارسازی بوو کە لە ساڵی ٢٠٢٤وە هەموو ساڵێک لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت.