دكتۆر حەیدەر عەبادی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە كۆنفراسێكی ڕۆژنامەوانیدا لە زانكۆی بەغدا ڕایگەیاند، پێویستە ڕێگری لە توندوتیژیو بیری توندڕەوی بكەنو هەموو ڕێگایەك بگرینەبەر بۆ دژایەتیكردنی گەندەڵیو توندڕەوی. سەرۆك وەزیران ئاماژەی بەوەكرد نابێت تەنها ڕووبەڕووی ئەو چەكدارە توندڕەوانە ببینەوە لەناوخۆیی عێراقدان، بەڵكو دەبێت بەهەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەش سەرچاوەی ئابوری داهاتی ئەو گروپانە ببڕن. هەروەها عەبادی وتیشی ئەو گروپانە خاوەنی بیری توندڕەوینو كاریگەرییان دەبێت بۆسەر لاوان تاكو لەخشتەیان بەرنو بۆ جێبەجێكردنی مەرامەكانی خۆیان بەكاریان بهێنن. سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران وتیشی : هێشتا بیری توندرەوی بوونی هەیەو دەبێت بەوپەڕی هێزەوە ڕووبەڕووی ببینەوە. ئاماژەی بەوەشكرد یەكێك لەشەڕەكانی دیكە كەپێویستە ڕووبەڕووی ببینەوە شەڕی گەندەڵییە، كەسانی گەندەڵو هەلپەرست دەیانەوێت دەستبگرن بەسەر دارایی گشتیو مافی هاووڵاتیاندا. جەختیشكردەوە كەدیاردەی گەندەڵی هیچی كەمتر نییە لەبیری توندڕەویو هەردووكیان دەیانەوێت پێكەوە ئەم وڵاتە كاول بكەن، بۆیە ئەركی ئێوەی خوێندكارانە كەڕووبەڕوویان ببنەوە.