بەغداد - INA
ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزیری كشتوكاڵ عەباس جەبر عەلیاوی، هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی ماسی لەم دواییانەدا ڕوونكردەوە، و هاوكات گەڕانەوەی نرخی ماسی بۆ باری ئاسایی ڕاگەیاند.
عەلیاوی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: دوای لێكۆڵینەوە لە دۆسیەی بەرزی نرخی ماسی لیژنەیەكی تایبەت پێكهێنرا، و جەختیشیكردەوە: نرخەكان گەڕاونەتەوە باری ئاسایی خۆیان.
ئاماژەی بەوەشكرد: بەهۆی داخستن و پڕكردنەوەی بەشێك لە دەریاچەكان لەئەنجامی كەمی ئاو، نرخی ماسی بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبووەوە، و وتیشی: ئەو كێشەیە بە كردنەوەی دەرگای هاوردەكردن چارەسەر كراوە، كە بووە هۆی دابەزینی نرخی ماسی.
ئاشكراشیكرد: وەزارەت لیژنەیەكی پێكهێنا بۆ بەدواداچوون بۆ ئەوەی بەرهەمهێنەرانی هێلكە پێویستیان بە چییە، بەو پێیەی لەم ماوەیەی دواییدا خۆراك بە كڕینی بڕێكی زۆر گەنمەشامی دابینكراوە و بەسەر بەخێوكەرانی ئاژەڵاندا دابەشكراوە.
رونیشیكردەوە: كۆمەڵێك داواكاری هەیە لەبەردەم ئەنجوومەنی وەزاری ئابووری بۆ كەمكردنەوەی نرخی كارەبا و سووتەمەنی، ئەگەر ڕەزامەندی وەربگیرێت، ئەم هەنگاوە دەبێتە پاڵپشتییەكی گەورە بۆ بەخێوكەرانی ئاژەڵ، ئەمەش دەبێتە هۆی بەدەستهێنانی نرخێكی دادپەروەرانە بۆ بەخێوكەرانی ئاژەڵ و هاوڵاتیان.