سەرۆك وەزیران هەڵوێستی پتەوی عێراق لە بارەی پرسی فەلەستین بۆ هاوتا كەنەدییەكەی پشتڕاست دەكاتەوە

سیاسی
  • 9-11-2023, 10:29
  • +A -A

    بەغدا - INA
    محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، هەڵوێستی پتەو و ڕوونی عێراقی سەبارەت بە پرسی فەلەستین بۆ هاوتا كەنەدییەكەی، جەستن ترودۆی پشتڕاستكردەوە.
    نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە ڕاگەیەندراوێكدا كە بە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی گەیشتووە، ڕایگەیاندووە، " سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێز محەمەد شەیاع سودانی ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە سەرۆك وەزیری كەنەداوە بەڕێز جەستن ترودۆ پێگەیشت كە تیایدا تاوتوێی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵاتیان كرد و گفتوگۆیان لەسەر ڕووداوەكانی ئێستای كەرتی غەزە و خراپبوونی بارودۆخی مرۆیی كرد".
    بە پێی راگەیندراوەكە، لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، "هەڵوێستی ڕوون و پتەوی عێراقی دووپاتكردەوە سەبارەت بە پرسی فەڵەستین و خەباتی گەلی فەڵەستین لە مافەكانیان بۆ ئەوەی بە شكۆمەندی لەسەر خاكەكەیان بژین، هەروەها سەركۆنەی بەردەوامبوونی هێرشەكانی دژ بە غەزە و بەئامانجكردنی هاوڵاتیانی مەدەنی كرد لەگەڵ ڕژاندنی خوێنی منداڵان و ژنان و توندكردنەوەی گەمارۆكان و بێبەشكردنیان لە مافە سەرەتاییەكانیان لە خۆراك و دەرمان".
    سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران داوای لە وڵاتانی گەورە و كاریگەر كرد هەنگاو بنێن بۆ پاراستنی یاسا نێودەوڵەتییەكان، كە دەسەڵاتی داگیركەر پێشێلی كردووە و پابەند نەبووە بە شەرعییەتی نێودەوڵەتییەوە.
    لەلای خۆیەوە سەرۆك وەزیرانی كەنەدا جەختی لەسەر پەرۆشی وڵاتەكەی كردەوە بۆ كاركردن لە پێناو دۆزینەوەی ئاگربەستێكی مرۆیی لە غەزە كە لە ڕێگەیەوە بتوانرێت یارمەتییە مرۆییەكان بگەیەنرێت بە هاوڵاتیانی مەدەنی، هەروەها خواستی كەنەدای دەربڕی بۆ كاركردن لەگەڵ عێراقدا و گەیشتن بە ئارامی و دۆزینەوەی دەرچوونێكی خێرا بۆ قەیرانەكە.