بەغداد - INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، فەرماندەی گشتی هێزەچەكدارەكان محەمەد شیاع سودانی، فەرمانی كرد، كە كار بكەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەنگۆ و هەواڵی دروستكراو و وەڵامدانەوەیان لە ڕێگەی كەناڵ و سەرچاوە فەرمییەكانەوە.
وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزەچەكدارەكان لیوای هێزە تایبەتەكان یەحیا ڕەسوڵ عەبدوڵا، لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان محەمەد شیاع سودانی، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە سەرۆكایەتی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی كرد بە ئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجومەنەكە.
ئاشكراشیكرد: لەكۆبوونەوەكەدا تاوتوێی پێكهاتەی پێشنیاركراوی ناوەندی بەڕێوەبردنی قەیران و كارەساتەكان كرا كە ئامانج لێی بنیاتنانی سیستەمێكی نیشتمانییە بۆ ئەم مەبەستە و یەكخستنی هەوڵەكان لەنێوان هەموو وەزارەتە پەیوەندیدارەكان لەم بوارەدا و وەڵامدانەوەی دەستبەجێ و خێرا بۆ هەر حاڵەتێكی لەناكاو.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، لە بابەتێكی دیكەدا ئەنجومەنەكە تاوتوێی ئەو هەنگاوە دادپەروەرانەی كرد كە پێویستە بگیرێنەبەر بۆ ئەو كەسانەی كە بەهۆی جەنگەوە بریندار بوون لە كاتی خزمەتی سەربازیدا لە وەزارەتی بەرگری و لیژنە پزیشكیەكان پێشنیاری ئەوەیان كردوە كە گونجاو نین بۆ خزمەتكردن.
هەروەها بە ئامانجی پێدانی دەرفەتێك بۆ ئەو پسپۆڕانەی كە لە بواری ئاسایشی ئەلیكترۆنیدا كاردەكەن، ئەنجومەنەكە تاوتوێی ئەنجامدانی پێشبڕكێیەكی نیشتمانی كرد لەم بارەوە بۆ بەدواداچوون لەسەر پەرەسەندنی ئەم بوارە و پێویستی ڕاكێشانی ستافی تەكنیكی لە ڕێگەی هەڵبژاردنی براوەی یەكەم لەم پێشبڕكێیەدا بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی كار لە بواری ئاسایشی ئەلیكترۆنیدا، بە مەرجێك هەماهەنگی لەگەڵ سەنتەری ئاسایشی ئەلیكترۆنی لە وەزارەتی ناوخۆ بكرێت لەم بابەتەدا.
هەروەك ئەنجومەنەكە چەند بابەتێكی دیكەی لە بەرنامەی كاردا تاوتوێ كرد و ڕێوشوێنی پێویستی سەبارەت بەو بابەتانە گرتەبەر.
هەر بە گوێرەی بەیاننامەكە، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان، فەرمانی كرد، كە كار بكەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەنگۆ و هەواڵی دروستكراو و وەڵامدانەوەیان لە ڕێگەی كەناڵ و سەرچاوە فەرمییەكانەوە.