ئاسایشی نیشتمانی ژمارەیەك تۆڕی قاچاخی دراو هەڵدەوەشێنێتەوەو دەست بەسەر زیاتر لە 7 ملیار دیناردا دەگرێت 

ئەمنی
  • 8-11-2023, 21:16
  • +A -A

    بەغداد  - INA
    ئەمڕۆ چوارشەممە، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، هەڵوەشاندنەوەی ژمارەیەك تۆڕی قاچاخی دراو و دەستبەسەرداگرتنی زیاتر لە 7 ملیار دیناری راگەیاند.
    دەزگاكە لەبەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: بە پشتبەستن بە ڕێنماییەكانی فەرماندەی گشتی هێزەچەكدارەكان سەبارەت بە بەدواداچوونی قاچاخچیانی دراو و یاریكەران بە نرخ، و دوای هەوڵی وردی هەواڵگری و بەدەستهێنانی ڕەزامەندی دادوەر، مەفرەزەكانی دەزگاكە زنجیرەیەك ئۆپەراسیۆنی تایبەتیان ئەنجامدا لە (بەسرە، بەغداد، دیالە،  سەڵاحەدین) و لە ئەنجامدا ژمارەیەك تۆڕی قاچاخچییان هەڵوەشاندەوە و دەستیان بەسەر بڕێكی زۆر پارە بە هەردوو دراوی بیانی و ناوخۆیی گرت.
    ئاشكراشیكرد: لە پارێزگای بەغداد و بەپێی زانیارییەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی بەسرە، مەفرەزەكانی دەزگاكەمان توانیان یەكێك لە گرنگترین قاچاخچیەكان دەستگیربكەن، كە خەریكی ئیستغلالكردنی پۆستەكەی بوو (ئەفسەر بە پلەی عەقید) بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی قاچاخچێتی و تێپەڕاندنی پارە، كە بڕێك پارەی پێبوو زیاتر لە 4 ملیار دینار مەزەندە دەكرێت، و دوای دانپێدانانەكانی، دوو ئەندامی دیكەی تۆڕەكە كە تۆمەتبارن بە قاچاخچێتی لە بەسرە بە هەڵگرتنی زیاتر لە 3 ملیار دینار بۆ قاچاخ ئامادەكرابوو دەستگیركران.
    هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، لە پارێزگاكانی دیالە و سەڵاحەدین، مەفرەزەكانیان توانیان دوو تۆڕ هەڵبوەشێننەوە كە پێكهاتبوون لە 7 كەس كە تۆمەتبارن بە یاریكردن بە پارە و ئۆپەراسیۆنی قاچاخچێتی، ئەمە جگە لە پراكتیزەكردنی كاركردنیان لەگەڵ گواستنەوەی پارەی ناوخۆیی و كڕین و فرۆشتنی دراوی بیانی بەبێ ڕەزامەندی فەرمی، كە بڕە پارەیەكیان بە هەردوو دراوی ناوخۆیی و بیانی پێبوو.
    تەئكیدیشیكردەوە: لە بەردەوامی ئەو هەڵمەتە كە بە پشتبەستن بە بڕیارەكانی ئەنجوومەنی وەزیران جێبەجێی دەكات، كە بریتین لە چڕكردنەوەی ڕۆڵی سەرپەرشتی بەسەر دوكان و كۆمپانیا بازرگانییەكان، هەروەها جەختكردنەوە لەسەر پێویستی مامەڵەكردن بە دیناری عێراقی بەپێی ئاڵوگۆڕی فەرمی، و داواشی لە هاووڵاتیان كرد كە زانیارییان هەیە لەم بارەیەوە پەیوەندی بە دەزگاكە بكەن لە ڕێگەی هێڵی گەرمی بێبەرامبەر 131، و ئەو زانیارییانەشی پێیان دەدرێت بە نهێنی تەواو مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت.