بەغداد - INA
ئەمڕۆ هەینی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، هەڵوێستی ڕوون و پرەنسیپی عێراقی دووپاتكردەوە سەبارەت بە پرسی فەڵەستین.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەلایەن ئۆلاف شوڵتز، راوێژكاری ئەڵمانیاوە پێگەیشت،و تیایدا پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵات و دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكەیان تاوتوێ كرد.
بەپێی بەیاننامەكە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنیەكدا سەرۆك وەزیران ئاماژەیكرد: بە گرنگی پتەوكردنی هاوبەشی نێوان عێراق و ئەڵمانیا، و جەختیكردەوە: لەسەر ویستی پێشخستنی بەپێی بەرژەوەندییە هاوبەشەكان و فراوانكردنی ئاسۆی هاوكاری ئابووری و گەشەپێدان بۆ بەرژەوەندی گەلانی عێراق و ئەڵمانیا.
سودانی هەڵوێستی ڕوون و پرەنسیپی عێراقی دووپاتكردەوە لەسەر پرسی فەڵەستین، سەبارەت بە دەستدرێژیی زایۆنی بۆ سەر خاكە داگیركراوەكان و گەلی فەڵەستین و ئەو دڕندەییانەی كە لە سەر خاكی مێژوویی خۆیان بەرامبەریان ئەنجامدراوە.
هاوكات سودانی داوای لە راوێژكاری ئەڵمانیا كرد یەكێتی ئەوروپا هەڵوێستێكی ڕوون بگرێتەبەر بۆ شەرمەزاركردنی ئەو پێشێلكاری و تاوانانەی دژ بە مرۆڤایەتی كە كاریگەرییان لەسەر گەلی بێ بەرگری و گەمارۆدراوی فەڵەستین هەیە لەسەر خاكەكەیان، كە ڕووبەڕووی كارەساتێكی مرۆیی بوونەتەوە كە لەلایەن هەموو جیهانەوە ئیدانە دەكرێت، و وتیشی: ڕووداوەكانی غەززە نوێنەرایەتی تاقیكردنەوەیەكی ئەخلاقی دەكەن بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و زلهێزەكان، و دەیانخەنە بەردەم بەرپرسیارێتی یاسایی و مرۆیی خۆیان.
لای خۆیەوە شۆڵتز لە پەیوەندیە تەلەفۆنیەكەدا ڕایگەیاند: وڵاتەكەی كاردەكات بۆ ئاگربەست و ئامادەیی خۆی بۆ بەشداریكردن لە گەیاندنی هاوكاری مرۆیی بۆ كەرتی غەززە دەربڕی، و جەخیكردەوە: ئەڵمانیا سوورە لەسەر درێژەدان بە پەیوەندی و گفتوگۆ لە پێناو دۆزینەوەی چارەسەرێكی ئاشتیانە بۆ قەیرانەكان و چەسپاندنی سەقامگیری لە ناوچەكە.