راوێژكاری سەرۆك وەزیران: دەستپێكردنی خزمەتگوزاری (ڤیزا دایرێكت) یارمەتیدەر دەبێت بۆ كەمكردنەوەی نرخی ئاڵوگۆڕ

ئابوری
  • 3-11-2023, 19:21
  • +A -A

    بەغداد  - INA
    ئەمڕۆ هەینی، راوێژكاری سەرۆك وەزیران فادی شەمەری، دەستپێكردنی خزمەتگوزاری (ڤیزا دایرێكت) بۆ گواستنەوەی پارە بۆ دەرەوەی وڵات بە هەنگاوێكی سەركەوتوو وەسف كرد كە كارئاسانی بۆ بازرگانانی بچووك دەكات، و جەختیشیكردەوە: كە ئەم هەنگاوە بەشدار دەبێت لە كەمكردنەوەی نرخی ئاڵوگۆڕ لە بازاڕی هاوتەریبدا، و ڕێكارەكانی تەنها 5 خولەك دەخایەنێت.
    شەمەری بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: دەستپێكردنی كاری بانكی لە سەردەمی حكومەتی ئێستادا بە دیدێكی نوێ و میكانیزمێكی سەردەمیانە بەڕێوەدەچێت، بانكی یەكەمی عێراقیش یەكەم بانكە كە خزمەتگوزاری گواستنەوەی دارایی ڕاستەوخۆ بە شێوەی دیجیتاڵی لە ڕێگەی خزمەتگوزاری (ڤیزا دایرێكت)ەوە دەستپێدەكات.
    ئاماژەی بەوەشكرد: ئەم گۆڕانكارییە دەستكەوتێكی گەورەیە كە بە جۆرێك لە جۆرەكان بەستراوەتەوە بەو دیدە ستراتیژییەی كە حكومەت هەنگاوی بۆ ناوەو لەلایەن سەرۆك وەزیرانەوە دەستیپێكردووە لە بواری دارایی و بانكی و بەڕێوەبردنی ئابووریدا، هەروەها هاوتایە لەگەڵ ئاڕاستە نوێیەكانی بانكی ناوەندی لە پرۆسەی دووبارە هەڵسەنگاندنەوە و دووبارە پێكهێنانەوە و ڕێكخستنەوە و پێگەیشتنی كاری بانكی لە عێراقدا و ئێستا ئێمە پێشكەوتنێكی گەورە دەبینین كە ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر واقیعی بازرگانی و بانكی لە عێراقدا.
    ناوبراو لە درێژەی لێدوانەكەیدا رونیكردەوە: هیوادارین هاووڵاتیان كارلێك لەگەڵ ئەم خزمەتگوزارییە بانكییەدا بكەن، كە یارمەتیدەر دەبێت لە بڕینی چاوچنۆكەكان لە بازاڕی ڕەشدا، هەروەها خزمەتگوزاریی ڤیزا دایرێكت زۆرێك لە بازرگانانی بچووك لەخۆدەگرێت و یارمەتیدەریان دەبێت بۆ دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییەكی ڕوون و ئاشكرا و فەرمی، و پلاتفۆرمی یاسایی بۆ گواستنەوەی پارە بۆ دەرەوەی وڵات بە ئاسانی، و لە ئەكاونتێكەوە بۆ ئەكاونتێكی تر، بە نرخی فەرمی ئاڵوگۆڕكردن.
    وتیشی: ئەم خزمەتگوزارییە بەشدار دەبێت لە دابەزینی نرخی ئاڵوگۆڕ لە بازاڕی هاوتەریب لە چوارچێوەی كارە بەردەوامەكانی حكومەت بۆ ڕێكخستنی كاری بانكی.
    پێشتر بانكی ناوەندی عێراق خستنەگەڕی خزمەتگوزاری “ڤیزا دایرێكت”ی ڕاگەیاند بۆ ئاسانكاری گواستنەوەی دارایی، بە هەماهەنگی لەگەڵ كۆمپانیای نێودەوڵەتی “ڤیزا” و هاوكاری لەگەڵ بانكی یەكەمی عێراق.