هەولێر -INA
نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا كۆبوەوەو دۆخی عێراق و ناوچەكەیان تاوتوێكرد.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 2023/11/3 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆشكی ئیلیزێ لە پاریس لەلایەن ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنساوە پێشوازی لێكرا.
ئاشكراشیكرد: لە كۆبوونەوەیەكی دووقۆڵیدا دەربارەی پەیوەندییەكانی فەرەنسا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان، و هەروەها پەیوەندییەكان و گفتوگۆی هەولێر و بەغداد بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان، و دۆخی سیاسی و ئەمنی و ئابووریی عێراق و دوایین پێشهات و ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە بیروڕایان گۆڕییەوە.
هەر لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، كە هەردوولا جەختیان لە برەودان بە پەیوەندییەكانی فەرەنسا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان و پتەوكردنی هاریكاریی هاوبەشی نێوانیان لە چوارچێوەی ڕێككەوتنی ستراتیژیی عێراق و فەرەنسادا كردەوە، هەروەها هاوڕا بوون كە پێویستە لە دۆخی ئاڵۆزی ناوچەكەدا، ئارامی و سەقامگیریی عێراق بپارێزرێت و لێكگەیشتن و گفتوگۆی چارەسەكردنی كێشەكانی هەولێر ـ بەغداد بەردەوام بێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: دەربارەی دۆخی ئاڵۆزی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی هەوڵەكان بۆ ڕێگرتن لە تەشەنەسەندنی شەڕ و پاراستنی خەڵكی سڤیل و گەیشتنی هاریكاریی مرۆیی بە لێقەوماوان كردەوە و هاوڕا بوون كە ئاڵۆزبوونی زیاتری دۆخەكە، ئارامی و سەقامگیریی ناوچەكە دەخاتە مەترسییەوە.
رونیشیكردەوە: دوایین پێشهاتەكانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و مەترسییەكانی داعش، پەیوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكە، دۆخی سووریا و چەند پرسێكی دیكەی جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.
عامری سهردانی ناوچهی سنووری قائیم دهكات