بەغداد - INA
ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزیری تەندروستی ساڵح حەسناوی، ئەو نەخۆشخانانەی دیاری كرد كە لە قۆناغی یەكەمدا پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بیمەی تەندروستی دەیانگرێتەوە، و هاوكات ئاماژەی بەو چینانە كرد كە لەم قۆناغەیدا بیمە دەیانگرێتەوەو تەئكیدیشیكردەوە: كە یاساكە خزمەتگوزاری نزیكەی بێبەرامبەر پێشكەش بەو كەسانە دەكات كە چاودێری كۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە.
حەسناوی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە بینای ئەنجومەنی نوێنەران بە بەشداری لیژنەی تەندروستی و ژینگەی پەرلەمان، كە پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی عێراقی ئامادەی بوو، رایگەیاند: وەزارەت یەكشەممەی داهاتوو دەست دەكات بە خزمەتگوزاری بیمەی تەندروستی كە بۆ یەكەمجار لە مێژووی عێراقدا جێبەجێ دەكرێت، و وتیشی: ئەوانەی لە قۆناغی یەكەمی بیمەی تەندروستی دەیانگرێتەوە، بریتین لە فەرمانبەری وەزارەتەكانی دارایی و كارەبا و خوێندنی باڵا و ئاوەدانكردنەوە و پەیوەندییەكان و كشتوكاڵ، لەگەڵ لە كۆمیسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ و دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری نیشتمانی، ئەنجومەنی خزمەتگوزاری نیشتمانی، نوسینگەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، سكرتاریەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران، دەستەی نیشتمانی وەبەرهێنان و دەستەی كۆنترۆڵكردنی سەرچاوە تیشكدەرەكان، ماڵی حیكمە، دەستەی فڕۆكەوانی مەدەنی، دەستەی دەروازە سنورییەكان و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، و رونیشیكردەوە: ئەو بیمەیە فەرمانبەرانی ئەو دامەزراوانە و خێزانەكانیان دەگرێتەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: دەروازەكانی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ ئەم قۆناغە بریتین لە نەخۆشخانەی ڕاهێنانی ئیبن سینا، خانەی بەساڵاچووانی تایبەت لە شاری پزیشكی، نەخۆشخانەی شەهید غازی حەریری، بەشی تایبەت لە شاری پزیشكی، نەخۆشخانەی منداڵانی عەلەوییە، نەخۆشخانەی عەلەویە، و نەخۆشخانەی فێركاریی كندی، نەخۆشخانەی سەعد بۆ زانستە دەمارییەكان، نەخۆشخانەی چاوی ئیبن هەیسەم، نەخۆشخانەی ئیبن بیتار، شاری پزیشكی ئیمام كازم، و نەخۆشخانەی منداڵبوونی كەرخ، جگە لە كلینیكی ڕاوێژكاری لە خانەی بەساڵاچووان و سەنتەری نیشتمانی پزیشكی ددان، سەنتەری پزیشكی ڕاوێژكاری و نەخۆشخانەی یەرموك، جگە لە كلینیكە بەناوبانگەكان كە هەفتەی داهاتوو ڕادەگەیەنرێن.
رونیشیكردەوە: یاساكە خزمەتگوزارییە پاڵپشتییەكان تاڕادەیەكی زۆر پێشكەش بە فەرمانبەرە بەشداربووەكان و خێزانەكانیان دەكات، جگە لەوەی 100 هەزار هاوڵاتی چاودێری كۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە، بەو پێیەی خزمەتگوزاری پزیشكی تەواو نزیكەی بێ بەرامبەریان پێشكەش دەكرێت.
راشیگەیاند: ئامانجی یاساكە باشتركردنی خزمەتگوزارییە پزیشكییەكان و یارمەتیدانی هاوڵاتیانە لەڕێگەی بەشداریكردنی دەوڵەت لە بەهایەكی زۆر لە خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان، هەروەها كەمكردنەوەی هەژاری، و وتیشی: 1% لە مووچەی ئەو كەسانە دەبڕدرێت كە دەیانگرێتەوە لە بەرامبەر ئەو خزمەتگوزارییانە.
حەسناوی سوپاسی، محەمەد شیاع سودانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی كرد كە پاڵپشتییەكی گەورەی بۆ ئەم یاسایە كرد، هەروەها بۆ دادگای فیدراڵی بۆ ئەو بڕیارانەی كە بەشداربوون لە ڕاستكردنەوەی بەشێك لە كەلێنەكانی یاساكە، هەروەها بۆ لیژنەی تەندروستی و ژینگەی پەرلەمان و هەموو ئەو میدیاكارانەی كە پشتگیری یاساكە دەكەن.