قوباد تاڵەبانی لەمیانی کۆبونەوەی لەگەڵ ئەعرەجی :- بەهۆی دابەشنەکردنی موچە لە کاتی خۆیدا ژیان و گوزەرانی موچەخۆران و هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی خراپدایە

سیاسی
  • 29-10-2023, 14:00
  • +A -A

    هەولێر /INA
    ئەمرۆ یەک شەممە "قوباد تاڵەبانی"جێگری سەرۆک وەزیران،لە سلێمانی پێشوازیکرد لە "قاسم ئەعرەجی" راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق و لە کۆبوونەوەیەکدا  پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و چۆنییەتی بەهێزترکردنی هەماهەنگییەکانی نێوان هێزە ئەمنییەکانی هەرێم و بەغدا تاوتوێ کران.
    لەڕاگەیەندراوێکی نوسینگەی راگەیاندنی "قوباد تاڵەبانی " جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ناردوویەتی ، تیایدا هاتووە :-  لە کۆبوونەوەکەدا کە" جەلال شێخ ناجی " سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری لە سلێمانی  و "هیوا ئەحمەد " سەرۆکی دەزگای ئاساییشی هەرێم لە سلێمانی ئامادەی بوون گفتوگۆ کرا لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا. 
    بەگوێرەی راگەیەندراوەکە  جێگری سەرۆک وەزیران روونیکردۆتەوە :- کە لەگەڵ ئەوەی پەیوەندییەکی باش هەیە لەنێوان هەردوو حکومەتی هەرێم  و بەغدا، بەڵام بە داخەوە چۆنییەتی چارەسەرکردنی کێشە کەڵەکەبووەکانی نێوان هەردوولا و بە تایبەتیش کێشەی بودجە زۆر بە خاوی بەڕێوەدەچێت.
    راشیگەیاند: بەهۆی بێ بودجەیی و دابەشنەکردنی موچە لە کاتی خۆیدا، ژیان و گوزەرانی موچەخۆران و هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی خراپدایە و پێویستە لە بەغدا تێگەیشتنێکی دروست بۆ دۆخی موچەخۆرانی هەرێم هەبێت و موچەی فەرمانبەران جیا بکرێتەوە لە ناکۆکییە سیاسییەکان.
    هەربەپێی راگەیەندراوەکە بێت لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە چۆنییەتی بەهێزترکردنی هەماهەنگی لەنێوان هێزە ئەمنییەکانی هەرێم و بەغدا کرا بە تایبەتیش لەو ناوچانەی کە هێڵی تەماسن لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکانی دیکە. 
    قوباد تاڵەبانی جەختیشی کردەوە کە نەک تەنها پێویستە هەماهەنگی تەواو لەنێوان هێزە ئەمنییەکاندا هەبێت، بەڵکو دەبێت حکومەتی فیدراڵ بە یەک چاو سەیری هەموو هێزە عێراقییەکاندا بکات و لەناویشیاندا هێزەکانی پێشمەرگە تا هیچ درز و کەلێنێک نەمێنێتەوە بۆ گروپە تیرۆریستییەکان بۆ تێکدانی سەقامگیری، چونکە سەقامگیری هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق پێکەوە گرێ دراون.
    راگەیەندراوەکەی جێگری سەرۆکی حکومەت ئەوەشی خستۆتەروو  کە هەر لە کۆبونەوەکەدا باس  لە هیرشە ئاسمانییەکانی سەر هەرێمی کوردستان و پێشێلکردنی سەرەوەری خاکی عێراق و هەرێم لەلایەن وڵاتانی دیکەوە کرا،لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی داوایکرد حکومەتی فیدرال ئەم بابەتە بە گرنگ وەربگرێت و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا کاری جدی بکرێت بۆ رێگریکردن لە بەردەوامی ئەو پێشێلکارییانە کە ساڵانە ژمارەیەکی بەرچاو هاوڵاتی هەرێم دەبنە قوربانی.