بەغدا - INA
ئەمڕۆ شەممەمحەممەد شیاع سودانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران هەڵوێستی عێراقی نوێكردەوە و داوای ڕاگرتنی دەستدرێژی و گەیاندنی هاوكاری بۆ غەززە دەكات.
بەیاننامەیەك لە نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیران كە بەدەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) گەیشتووە و ئاماژەی بەوە كردووە : سەرۆك وەزیران پێشوازی لە تۆماس سیلەر باڵیۆزی یەكێتی ئەوروپا لە عێراق كردووە و ئاماژەی بەوەشكردووە : لە میانی كۆبوونەوەكەدا پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان عێراق و یەكێتی ئەوروپا پێداچوونەوەی بۆ كرا و ڕێگاكانی بەهێزكردنیان بە شێوەیەك كە بەرژەوەندی هاوبەش بەدەستبهێنێت،هەروەها باس لە پێشهاتەكانی ئەم دواییەی ناوچەكە كرا، بەتایبەتی بەردەوامی هێرشەكان بۆ سەر گەلی فەڵەستین لە غەززەی گەمارۆدراو.
سودانی دووپاتیكردەوە : هەڵوێستی ڕوون و پرەنسیپی عێراق كە داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا دەكات هەنگاوی بەرپرسیارانە بنێن، كە دەبێتە هۆی وەستاندنی دەستدرێژی و بۆردومان و بەئامانجكردنی خەڵكی سڤیل و كردنەوەی ڕێڕەوی سەلامەت بۆ گەیاندنی هاوكارییەكان بۆ غەززە، هەروەها ڕزگاركردنی خەڵكی فەلەستین لەو بارودۆخە دڵتەزێنەی كە تووشی دەبن، جەختی لەوە كردەوە ویستی عێراق بۆ بەردەوامبوونی پەیوەندییە جیاوازەكان لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا و فراوانكردنی هاوبەشییە جدییەكان لە كەرتە جیاوازەكانی گەشەپێدان و ئابووریدا.
لای خۆیەوە باڵیۆزی ئەوروپا ئاماژەی بەوەدا كە پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و ئەوروپا لە ماوەی ساڵی یەكەمی حكومەتی سوداندا شایەتی گەشەسەندنی ڕوونی بەخۆیەوە بینی، جەختیكردەوە لەسەر خواستی لایەنە جیاوازەكانی ئەوروپا بۆ بەشداریكردن لە پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدان.
باڵیۆز سیلەر ڕایگەیاند كە نێردراوەكانی یەكێتی ئەوروپا بەردەوامن لە كاركردن و هاوكاری لەگەڵ عێراق لە ئاستە بەرزەكاندا، جەختی لەسەر هەڵوێستی یەكێتی ئەوروپا سەبارەت بە پێشهاتەكانی پرسی فەڵەستین، كاركردن بۆ گەیشتن بە ئاگربەستی دەستبەجێ، جێبەجێكردنی یاسا نێودەوڵەتییەكان و كردنەوەی ڕێڕەوی مرۆیی بۆ تێپەڕبوونی كاروانەكانی فریاگوزاری.