ئەعرەجی: سەرۆك وەزیران فەرمانی توندكردنەوەی ڕێوشوێنەكانی پاراستنی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەكانی دەركردوە

سیاسی
  • 25-10-2023, 22:13
  • +A -A

    بەغداد  - INA
    ئەمڕۆ چوارشەممە، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی قاسم ئەعرەجی، تەئكیدیكردەوە: كە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، فەرمانی توندكردنەوەی ڕێوشوێنەكانی پاراستنی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەكانی دەركردووە.
    نوسینگەی ڕاگەیاندنی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی قاسم ئەعرەجی، لە نوسینگەی خۆی پێشوازی كرد لە شاندی نوێنەرایەتی یەكێتی ئەوروپا لە برۆكسل بە سەرۆكایەتی جیل روستن بەرپرسی پلاندانانی ستراتیژی و بەڕێوەبردنی قەیرانەكانی دەرەوەی ئەوروپا، بە ئامادەبوونی بەرپرسی نوێنەری ڕاوێژكاری یەكێتی ئەوروپا لە عێراق ئەندەرس ڤیباری.
    ئاماژەی بەوەشكرد: لە دیدارەكەدا پێداچوونەوە كرا بە كارەكانی نوێنەرایەتی یەكێتی ئەوروپا لە عێراق و هەروەها ڕێگاكانی بەرزكردنەوەی هاریكاری و هاوبەشی نێوان عێراق و نوێنەرایەتیەكە لە بوارەكانی ڕاوێژ و ئاڵوگۆڕی ئەزموون و زانیاری.
    بەپێی بەیاننامەكە ئەعرەجی، تەئكیدی لە پەرۆشی عێراق كردەوە بۆ بەردەوامبوون لە پەیوەندییەكانی لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا، بۆ سوودوەرگرتن لە شارەزایی بۆ پەرەپێدانی توانای هێزە ئەمنییەكان، و هەروەها جەختیكردەوە: كە پاراستنی ئەو نوێنەرایەتییە دیپلۆماسیانەی لە عێراقدا كاردەكەن ئەركێكی عێراقییە، هەروەها سەرۆك وەزیران بە تایبەتی سەرپەرشتی ئەم پرسە دەكات، بەو پێیەی فەرمانی دەركردووە بۆ وەزارەتی ناوخۆ بۆ توندكردنەوەی ڕێوشوێنەكانی پاراستنی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەكان، و دووپاتیشیكردەوە: كە هیچ مەترسییەك نییە هەڕەشە لەئاسایشی نوێنەرایەتی و باڵیۆزخانەكان لە ناوخۆی عێراق بكات.
    ئەعرەجی ئاماژەی بەوەشدا: ناوچەكە بە كاتێكی سەختدا تێدەپەڕێت، دەبێت كاربكەین بۆ وەستاندنی شەڕی بەردەوامی كەرتی غەززە، و وتیشی: فراوانبوونی شەڕەكە هەموو ناوچەكە دەسوتێنێت، و بەرپرسیارێتی ئێمە وەستاندنی پەرەسەندن و وەستاندنی هەموو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانە لە غەززە.
    هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، كە رۆستن هەڵوێستی یەكێتی ئەوروپای دووپاتكردەوە كە ئامانجی هێوركردنەوەی دۆخەكە و كەمكردنەوەی پەرەسەندنەكانی كەرتی غەززەیە.
    هاوكات لە بەیاننامەكەدا ئەوەش رونكراوەتەوە: شاندی میوان سوپاسی حكومەتی عێراقی كرد بۆ ئەو پەیامانەی دڵنیاكردنەوە كە پێشكەشی نوێنەرایەتییەكانی وڵاتانی دەكەن كە لە عێراقدا كاردەكەن، بەتایبەتی نوێنەرایەتییەكانی یەكێتی ئەوروپا، و ئاماژەی بەوەشكرد: شاندی نوێنەرایەتییەكە لە برۆكسلەوە هاتبوون بۆ هەڵسەنگاندنی كاری نوێنەرایەتی ڕاوێژكاری ئەوروپی و بەمەبەستی زیاتر بەهێزكردنی لایەنی ئەمنی و درێژەدان بە هاوبەشی ڕاستەقینە لەگەڵ عێراق.