نێچيرڤان بارزانى جه‌خت له‌ مافی‌ پێكهاته‌كان ده‌كاته‌وه‌

ناوخۆ
  • 24-10-2023, 18:29
  • +A -A

    هه‌ولێرـINA
    ئێواره‌ى ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌ 2023/10/24، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ئايدن مه‌عرووف وه‌زيرى كاروبارى پێكهاته‌كان له‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كرد.
    نووسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌راگه‌یێندراوێكدا كه‌بۆ ئاژانسی هه‌واڵی عێراقی ناردووه‌ راگه‌یاندووه‌" له‌ ديدارێكدا هه‌ردوولا ده‌باره‌ى دۆخى پێكهاته‌كان و مافه‌كانيان له‌ هه‌رێمى كوردستان، بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌. له‌مباره‌وه‌ به‌ڕێز ئايدن مه‌عرووف پوخته‌يه‌كى دەربارەی چه‌ند لايه‌نێكى په‌يوه‌نديدار به‌ دۆخى پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌يى و ئايينییه‌كان و ئاماده‌يى و ڕۆڵيان له‌ ژيانى سياسى و كارگێڕيى وڵاتدا‌، خسته‌ ڕوو.
    لاى خۆيه‌وه‌ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، وێڕاى ئاماژه‌دان به‌ پێويستيى پاراستنى مافى پێكهاته‌كان و فراوانكردن و بره‌ودانى به‌رده‌وام به‌ كولتوورى پێكه‌وه‌ژيان و يه‌كترقبووڵكردن و لێبورده‌يی، جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان بۆ هه‌ميشه‌ به‌ وڵاتى هه‌مووان و لانه‌يه‌كى ئارام بۆ ته‌واوى پێكهاته‌ ئايينى و نه‌ته‌وه‌يييه‌كانى دەمێنێته‌وه‌ و به‌ هه‌موو شێوەيه‌ك پارێزگارى له مۆزاييكى ئایین و نه‌ته‌وه‌کان ده‌كات.