سبەی.. سلێمانی میوانداری كۆتایی پاڵەوانیەتی شەتڕەنجی كوڕانی عێراق دەكات

وەرزش
  • 24-10-2023, 18:22
  • +A -A

    هەولێر -  INA
    سبەی چوارشەممە رێكەوتی 25-10-2023، شاری سلێمانی میوانداریی قۆناغی‌ كۆتایی‌ پاڵەوانێتی‌ شەترەنجی‌ كوڕانی عێراق دەكات و لە پاڵەوانێتییەكەدا 12 یاریزان ركابەریی لەسەر نازناوەكە و بوونە یاریزانی هەڵبژاردەی شەترەنجی كوڕانی عێراق دەكەن، هه‌روه‌ها پاڵەوانێتییەكە  و لەلایەن یەكێتی‌ ناوەندی‌ شەترەنجی‌ عێراق بە هاوكاری‌ لقی سلێمانی یەكێتییەكە لە هۆڵی هۆتێل داوا ریكدەخرێت وتا رۆژی 1-11-2023 بەردەوام دەبێت.
     ئەسعەد ئیسماعیل ئەندامی یەكێتییەكە و راوێژكاری هونەری سەرۆكی یەكێتی‌ شەترەنجی‌ عێراق بە ئاژانسی هەواڵی (INA)  راگەیاند: دەستپێكی پاڵەوانێتییەكە كاتژمێر 5ی ئێوارەی رۆژی چوارشەممە رێكەوتی 25-10-2023 دەبێت و سەرجەم یاریزانەكان لە ماوەی 8 رۆژ و بە 11 جەولە یاری پێكەوە یاری دەكەن و جگە لەوەش خاوەن پلەكانی یەكەم تا پێنجەمی ریزبەندی پاڵەوانێتییەكە دەبنە یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق بۆ وەرزی 2023-2024 و بەشداری پاڵەوانێتییەكانی دەرەوەی عێراق دەكەن.
    هەروەها ئەسعەد ئیسماعیل وتی: 12 یاریزانە بەشدارەكە كە 5 یاریزانیان كوردن، پێكهاتوون لە (حسێن عەلی/ هەولێر و زۆزگ سەڵاح، ئاكار عەلی‌، ئاریان عەلی‌، ئەحمەد جەزا/ سلێمانی و عەلی‌ لەیس/ موصل و ئەحمەد عەبدولستار، محەمەد لەتیف/  دیالە و ئەمین محەمەد، عەلی‌ فیڕاس/ بەغدا و عەباس حسێن/ كەربەلا و موعەزەز زاهیر/ دیوانیە).
    ئەسعەد ئیسماعیل لەكۆتایی وتی: هیوای سەركەوتن بۆ تێكڕای یاریزانەكان دەخوازم و هیواشم وایە دەزگاكانی راگەیاندن و میدیاكارانی وەرزشی ئازیز گرنگێكی بەرفراوان بەم پاڵەوانیەتییە بدەن،چونكە یەكلاكەرەوەیە بۆ هەموو یاریزانانی بەشداربوو و هەنگاوێكی ناوازەشە سلێمانی دەبێتە چەقی میواندارییەكانی پاڵەوانیەتییە گرنگەكان.