نێچیرڤان بارزانی: ده‌بێ هه‌موومان له‌ عێراق به‌رژه‌وه‌نديى باڵاى گه‌ل و وڵات بخه‌ينه‌ سه‌رووى هه‌موو شتێكى ديكه‌وه‌

سیاسی
  • 22-10-2023, 20:28
  • +A -A

    هه‌ولێرـ INA

     ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، به‌شداری له‌ ڕێوڕه‌سمی ده‌رچووانی زانكۆی سۆراندا كرد.

    نووسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌راگه‌یێندراوێكدا كه‌بۆ ئاژانسی هه‌واڵی عێراقی ناردووه‌ راگه‌یاندووه‌" له‌ ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانی حكوومی و حزبیی ناوچه‌كه‌ و دیپلۆماتكار و نوێنه‌رانی وڵاتانی بیانی و مامۆستایانی زانكۆ و ئه‌كادیمیست و كه‌سوكاری قوتابیانی زانكۆی سۆران ئاماده‌ی بوون، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی وتارێكی پێشكه‌ش كرد،‌ وله‌به‌شێكی وتاره‌كه‌یدا: پيرۆزبايى و ده‌ستخۆشى له‌ دايكوباوك و كه‌سوكارتان و له‌ مامۆستايان و سه‌رۆكايه‌تى و ستافى زانكۆ ده‌كه‌م، ئه‌وانيش به‌ هاندان و به‌ خه‌مخۆرى و به‌ پشتگيريیان، هاوبه‌شى سه‌ركه‌وتنی ئێوه‌ن ئه‌مڕۆ. ئه‌مڕۆ بۆ ئێوه‌ى ده‌رچووانى ئازيز و بۆ هه‌موومان پێكه‌وه‌، ڕۆژێكى خۆشه‌ و هه‌موومان شانازی پێوه‌ ده‌كه‌ين.هه‌روه‌ها زانكۆ به‌مه‌ڵبه‌ندى زانست و زانين و پێگه‌ياندن و مه‌عريفه‌ زانی وتی"‌ ده‌رچووى زانكۆ، ده‌بێ نموونه‌ى كه‌سى سه‌ركه‌وتووى داهێنه‌ر و بنياتنه‌ر، ڕه‌خنه‌گر، ده‌سپێشخه‌ر و خاوه‌ن بيرى كراوه بێت. ده‌بێ بۆ هه‌ر كێشه‌يه‌ك له‌ هه‌ر بوارێكدا بێت، ڕۆڵى له‌ دۆزينه‌وه‌ى چاره‌سه‌ردا هه‌بێت. به‌شدارێكى كارای بێت له‌ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنى كولتوور و ئاستى هۆشياريى تاك و كۆمه‌ڵگه‌‌.

    سه‌باره‌ت به‌په‌یوه‌ندی نێوان حكومه‌تی فیدراڵ و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند" حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى عيراقى فيدراڵى، به‌ جددى له‌ هه‌وڵ و په‌يوه‌ندى و گفتوگۆدايه‌. سوپاسى مامه‌ڵه‌ و هه‌ڵوێستى به‌رپرسارانه‌ى سه‌رۆك وه‌زيران به‌ڕێز محه‌مه‌د شياع سوودانى ده‌كه‌ين كه‌ هه‌موو نيازێكى بۆ لێكگه‌‌يشتن و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نيشان داوه‌. هيوادارين له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور و سيستمى فيدراڵى بگه‌ينه‌ چاره‌سه‌رێك كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌نديى ته‌واوى عێراقدا بێت.

    ده‌رباره‌ی ره‌وشی ناوچكه‌ و عێراق و هه‌رێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی راگه‌یاند" له‌ كاتێكدا ناوچه‌كه‌ به‌ دۆخێكى زۆر ئاڵۆزدا تێده‌په‌ڕێت، ئێمه‌ له‌ عێراق و به‌تايبه‌تى له‌ هه‌رێمى كوردستان، له‌ هه‌موو كاتێك زياتر پێويستيمان به‌ ته‌بايى و لێكگه‌يشتنى هاوبه‌ش هه‌يه‌. ده‌بێ هه‌موو لايه‌ك له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، به‌ وردى ڕه‌چاوى هه‌موو ئه‌گه‌رێك بكه‌ين و چى پێويسته‌ بيكه‌ين بۆ ئه‌وه‌ى ئارامى و سه‌قامگيريى وڵاتمان پارێزراو بێت.
    ده‌بێ هه‌موومان له‌ عێراق، به‌رژه‌وه‌نديى باڵاى گه‌ل و وڵات بخه‌ينه‌ سه‌رووى هه‌موو شتێكى ديكه‌وه‌. ده‌بێ زۆر هۆشيار بين و به‌ هيچ پاساوێك نابێ ڕێگه‌ بدرێت وڵاته‌كه‌مان بخزێته‌ ناو ناكۆكى و ئاڵۆزييه‌كانه‌وه‌ و ببێته‌ به‌شێكى كێشه‌ و ئاشووبه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌‌. ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ زيان و ناسه‌قامگيرى و چاره‌نووسێكى ناديار، هيچ سوودێكى تری بۆ عێراق و بۆ هه‌رێمی تێدا نابێت.

    له‌ هه‌رێمى كوردستانيش ده‌بێ لێكگه‌يشتنى هاوبه‌ش بۆ نه‌هێشتنى ناكۆكيى سياسى، چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئاڵنگارييه‌كان، هه‌موو لايه‌نه‌ سياسييه‌كان و پێكهاته‌كان كۆبكاته‌وه‌. ته‌نيا پێكه‌وه‌يى و كارى هاوبه‌ش و يه‌كڕيزى و ته‌بايى، ده‌بێته‌ پارێزه‌رى ماف و ده‌ستكه‌وته‌ ده‌ستوورييه‌كانمان.