بەغداد - INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی ناوخۆ تەئكیدیكردەوە، لە بەردەوامیی كارەكانی بۆ تەواوكردنی ناوەندەكانی چاكسازی بۆ بەكارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەكان لە سەرجەم پارێزگاكان، و هاوكات ئاماری كۆی ژمارەی ئەو كەسانەی لەمساڵدا دەستگیركراون ئاشكراكرد.
بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی كاروباری ماددە هۆشبەرەكان و كارتێكەرەدەروونییەكان لە وەزارەتی ناوخۆ لیوا ئەحمەد ساڵح ركابی، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: ژمارەی ئەو كەسانەی لەماوەی ئەمساڵدا دەستگیركراون 11 هەزار كەسی تێپەڕاندووە، لەنێویاندا 4500 بازرگاننن، و لە سەدا سێی بەكارهێنەران ژنن و ئەوانی دیكەش پیاوانن.
ئاماژەی بەوەشكرد: 7 سەنتەری چاكسازی ئالوودەبووان بە ماددە هۆشبەرەكان سەر بە وەزارەتی تەندروستی هەیە، كە بەسەر پارێزگاكانی بەسرە و زیقار و بابل دابەشكراون و سێ لەو ناوەندانەش لە بەغدادی پایتەختن.
رونیشیكردەوە: بەپێی ڕێنماییەكانی سەرۆك وەزیران و وەزیری ناوخۆ، دامەزراندنی سەنتەری چاكسازی زۆرەملێ (كلینیك) بۆ چارەسەركردنی و چاككردنەوەی ئەو بەكارهێنەرانەی دەستگیركراون دەستیپێكردووە و یەكێكیان لە ئەنبار تەواو بووە، لە سەڵاحەدین و نەجەف دوو سەنتەر هەیە كە لە قۆناغی تەواوبووندان، هەروەها سەنتەرەكانی تریش لە پارێزگاكان پێش كۆتایی ئەمساڵ تەواو دەبن و تا ئێستاش كارەكان بە ڕێژەی 50٪ لە سەرجەم پارێزگاكان تەواو بووە.
وتیشی: مادەی 40ی یاسای ماددە هۆشبەرەكان بەكارهێنەر یان ئاڵوودەبوو لە هەر لێكەوتەیەكی یاسایی دەبەخشێت ئەگەر خۆبەخشانە سەردانی ناوەندەكانی چاكسازیی سەر بە وەزارەتی تەندروستی بكات، هەروەها ئەو ئالوودەبووەی خۆبەخشانە خۆی ڕادەست نەكات بۆ چارەسەركردن سزا دەدرێت بە زیندانیكردن بۆ ماوەیەك لە نێوان ساڵێك بۆ سێ ساڵ.