لیژنەی دارایی پەرلەمانی جەخت لەسەر گرنگی چالاککردنی پیشەسازی ناوخۆیی دەکاتەوە بۆ دڵنیابوون لەوەی دۆلار لە ناوخۆدا دەمێنێتەوە

سیاسی
  • 15-10-2023, 21:08
  • +A -A

    بەغداد/ INA
    ئەمڕۆ یەکشەممە،فەرمانگەی ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەران، لە بەیاننامەیەکدا  کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی، تیایدا هاتووە:- لیژنەی دارایی پەرلەمان بە سەرۆکایەتی "عەتوان عەتوانی" و بە ئامادەبوونی ئەندامەکانی، کۆبوونەوەیەکی گرنگیان ئەنجامدا بۆ پێداچوونەوە بە ڕاپۆرت لێژنەی چاودێریکردنی کاری بانکە حکومییەکان و بانکی ناوەندی عێراق.
    وەک بەیاننامەکە ئاماژەی پێداوە:- کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار تاوتوێ کرا، و ڕێگاکانی چارەسەرکردنی ئەم مەلەفە هەستیارە تاوتوێکرد.
    لەکۆبونەوەکدا عەتوانی عەتوانی رایگەیاند: کە لیژنەکەی دوای پێداچوونەوە بە ڕاپۆرتی لیژنە لاوەکییەکان، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کۆبوونەوەیەکی گرنگ لەگەڵ سەرۆک وەزیران ئەنجام دەدات، هەروەها زنجیرەیەک دیداری دیکەش لەگەڵ وەزیرانی پیشەسازی و دەرەوە و پارێزگاری بانکی ناوەندی ئەنجام دەدات بۆ زانینی هۆکارەکانی بەردەوامی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و ئەو ڕێوشوێنانەی کە بۆ چارەسەرکردنیان گیراوەتەبەر.
    ووتیشی:- لیژنەی دارایی پاڵپشتی سیمینار و وۆرک شۆپ بۆ کەرتی تایبەت و بازرگانان لەو بارەوە دەکات، بەمەبەستی گوێگرتن لە بۆچوون و بیرۆکەکانیان سەبارەت بە دۆزینەوەی بەدیل و چارەسەری کاریگەر لەسەر ئاستی ئێستا و داهاتوو.
    عەتوان عەتوانی  جەختی لە پێویستی هەوڵی هاوبەش کردەوە بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ بازاڕ، هەروەها گەڕانەوەی هێزی دیناری عێراقی بەرامبەر بە دراوە بیانییەکان، و پاراستنی یەدەگی دراوی وڵات، و  لێدان لەوکەسانەی  کە خەریکی قاچاخچیەتین بە  دراوی بیانی کە وای کردوە لەم قەیرانەدا بین.
    هۆشداریشیدا لە مەترسی بەردەوامبوون لە کەمبوونەوەی دۆلار لە ڕێگەی فراوانکردنی ناردنە دەرەوەی،هەروەها گرنگی سنووردارکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بۆ کاڵا و کەرەستەی سەرەکی.
    هەروەک جەختیشی لە گرنگی چالاککردنی پیشەسازی ناوخۆیی و کارپێکردنی کارگەکانی عێراق بە شێوەیەک کە دڵنیابێت لەوەی دۆلار لە ناوخۆدا بمێنێتەوە و بەردەوام بێت و ڕێگری لە قاچاخکردنی بۆ دەرەوەی وڵات بگیرێت.
    سەبارەت بەو هۆکارە دەرەکیانەی کە لە ڕاپۆرتی لیژنە لاوەکییەکەدا ئاماژەی پێکراوە، عەتوانی جەختی لە پێویستی یەکگرتنی بانکی ناوەندی عێراق و وەزارەتی دەرەوە کردەوە  بۆ چارەسەرکردنی پرسی دابەزینی گواستنەوەی یەدەگی فیدراڵی ئەمریکا بۆ عێراق کە ئەم ڕێوشوێنە پێویستی بە گفتوگۆ و پەیوەندی بەردەوام هەیە لەگەڵ گەنجینەی ئەمریکا بۆ زانینی هۆکارەکانی.
    بەیاننامەکە ئەوەشی خستۆتەروو :- کە لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی کۆمەڵێک مەلەفی دیکە کرا، لەوانە قەرز و پێشینەکان کە لەلایەن بانکە حکومییەکانەوە بە هاووڵاتیان دراوە، بەو پێیەی هەوڵەکانی ئەم دواییەی لیژنەی دارایی پەرلەمان، دوای پەیوەندیکردن لەگەڵ بانکی خانووبەرە، لە ئەنجامدا قەرزی دەستپێشخەری نیشتەجێبوون ماوەی گەڕاندنەوەی پارە لە 15 بۆ 20ساڵ درێژکرایەوە و سوودەکەشی هەڵوەشاندنەوە .
    لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە:- کە عەتوان عەتوانی  پاڵپشتی تەواوی خۆی بۆ کاری سەرجەم لیژنە لاوەکییەکانی ناو لیژنەی دارایی دووپاتکردەوە بۆ ئەوەی ڕۆڵی چاودێریی خۆیان بە تەواوی ڕاپەڕێنن، ستایشی ئەو هەوڵانەشی کرد کە لە چوارچێوەی یەکگرتنی نێوان دامەزراوەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتیان و میللەت دراون.