بەغداد - INA
ئەمڕۆ پێنجشەممە، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی قاسم ئەعرەجی، تەئكیدیكردەوە: كە بەیاننامەكانی مەرجەعیەت و حكومەت و هەڵوێستە جەماوەرییەكان جەخت لە پشتیوانی عێراق بۆ گەلی فەڵەستین دەكەنەوە.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی قاسم ئەعرەجی، پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمیر عەبدوڵاهیان و شاندی یاوەری كرد بە ئامادەبوونی باڵیۆزی ئێران لە بەغداد، و ئاماژەی بەوەشدا: ئەعرەجی پیرۆزبایی لە وەزیری دەرەوەی ئێران كرد بۆ گەڕانەوەی پەیوەندییەكانی وڵاتەكەی لە ناوچەكەدا و جەختیكردەوە كە ئەمە ئاماژەیەكی ڕوونە بۆ باشتركردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەكەدا.
راشیگەیاند: بەیاننامەی مەرجەعی باڵا سەید عەلی سیستانی، بەیاننامەی حكومەتی عێراق و چالاكیە جەماوەرییەكان و خۆپیشاندانەكان كە سبەینێ لە بەغداد دەست پێدەكەن، بەهێزكردنی هەڵوێستی پشتیوانییە بۆ گەلی فەڵەستین.
لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئێران جەختیكردەوە: كە عێراق پێگەیەكی گرنگی لە ناوچەكەدا هەیە، و وتیشی: ئەوەی لە غەززە ڕوودەدات ڕەنگە كاریگەری لەسەر ناوچەكە هەبێت.
تەئكیدیشی لە پاڵپشتی وڵاتەكەی بۆ مافی فەڵەستینیەكان كردەوە، و هەروەها جەختی لەسەر پێویستی رەخساندنی هەلومەرجی گونجاو بۆ وەستاندنی كوشتنی منداڵان لە فەڵەستین كردەوە.
هەر لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، كە وەزیری دەرەوەی ئێران سوپاس و پێزانینی وڵاتەكەی بۆ هەوڵە ماندوونەناسەكانی حكومەتی عێراق لە دۆسیەی سنووری نێوان هەردوو وڵات دەربڕی.