عێراق و میسر تاوتوێی فراوانكردنی هاریكاری لە بواری سەرچاوە ئاوییەكان دەكەن

سیاسی
  • 12-10-2023, 18:05
  • +A -A

    بەغداد  - INA
    ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزیری سەرچاوە ئاوییەكان عەون زیاب عەبدوڵا، لەگەڵ باڵیۆزی میسر وەلید محەمەد ئیسماعیل، گفتووگۆیان كرد لەبارەی فراوانكردنی  هاوكارییەكانی نێوان هەردوو وڵات لە بواری سەرچاوەكاندا.
    وەزارەت لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: وەزیری سەرچاوە ئاوییەكان لە ئۆفیسی خۆی لە بارەگای وەزارەت پێشوازی كرد لە باڵیۆزی كۆماری میسری عەرەبی لە عێراق وەلید محەمەد ئیسماعیل، و ئاماژەی بەوەشدا: لە دیدارەكەدا گفتووگۆكرا لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندیی هاوكاری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵاتی برا لە بواری سەرچاوەئاوییەكان و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی میسر لە بواری بەكارهێنانی ئاوی "مەبازیل" و گۆڕینی بۆ ناوچە بیابانییەكان.
    هەر لە دیدارەكەدا، وەزیر زیاب جەختیكردەوە: كە عێراق هەوڵدەدات مەودای هاوكاری لەگەڵ لایەنی میسری كارا و فراوانتر بكات و سوود لە شارەزاییەكانی وەربگرێت لە ڕێگەی كۆمپانیا بەناوبانگەكانی بواری ئاوەدانكردنەوەو ئاڵوگۆڕكردنی ئەزموونەكان و چالاككردنی كاری لیژنە هاوبەشەكانی نێوان هەردوولا بە مەبەستی پەرەپێدانی كەرتی سەرچاوەكانی ئاو و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەكان لە ژێر ڕۆشنایی خێراكردنی گۆڕانی كەشوهەوا و كاریگەرییەكانی لەسەر وڵاتانی جیهان و ناوچەكە.
    لای خۆیەوە باڵیۆز بانگهێشتی وەزیری سەرچاوە ئاوییەكانی كرد بۆ بەشداریكردن لە هەفتەی ئاوی قاهیرە كە لە كۆتایی مانگی تشرینی یەكەمدا بەڕێوەدەچێت، و هەروەها هەوڵەكانی وەزیری بۆ پێشخستن و پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی هاوكاری نێوان هەردوو وڵاتی برا لە كەرتی سەرچاوە ئاوییەكان بەرزنرخاند.