مه‌سرور بارزانی پێشوازی لە ژمارەیەک له‌ ڕاوێژکارانى سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ دەکات

سیاسی
  • 11-10-2023, 21:20
  • +A -A

    هه‌ولێرـ INA

    ئەمڕۆ چوارشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ژمارەیەک لە ڕاوێژکارانی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ کرد.

    نووسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌راگه‌یێندراوێكدا كه‌بۆ ئاژانسی هه‌واڵی عێراقی ناردووه‌ راگه‌یاندووه‌" لە دیدارەکەدا، سەرۆکی حکومەت کورتەیەکی له‌بارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و کێشە و ناکۆکییەکانی هەردوولا و ڕێگەی چارەسەرکردنیان لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێککەوتنەکان خستەڕوو.

    سەرۆکی حکومەت دووپاتیکردەوە کە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، هەرێمی کوردستان، بەشدارییەکی کارا و کاریگەری لە دروستکردنەوەی عێراقی نوێ و پرۆسەی سیاسی کرد بەو ئامانجەی دەوڵەتێکی دیموکرات و فیدراڵ شوێنی ڕژێمی دیکتاتۆریی پێشووی عێراق بگرێتەوە. بەشداریى هەرێمی کوردستانیش، لەسەر بنەمای لەبەرچاوگرتنی هەرسێ پره‌نسیپی سەرەکی، هاوبەشایەتی و هاوسەنگی و سازان بوو .بەڵام بەداخەوە دواتر هەوڵی پەراوێزخستن و لاوازکردنی قەوارەی یاسایی و دەستووری هەرێمی کوردستان درا.

    سەرۆکی حکومەت جەختی کردەوە کە پێویستە ڕێز لە دەستوور و سیستەمی فیدراڵی عێراق بگیرێت و بەهێز بکرێت و پەرەی پێ بدرێ و لەو چوارچێوەیەشدا، ڕەفتار و هەڵسوکەوت لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت نەک بە عەقڵییەتێکی مەرکەزی.

    سەرۆکی حکومەت گوتیشی عێراق لە ڕووی سامانی سرووشتی و مرۆییەوە، وڵاتێکی دەوڵەمەندە و خاوەن پێگەیەکی جیۆپۆلەتیکی گرنگە لە ناوچەکەدا و تەنیا پێویستی بە بەڕێوەبردنێکی باش هەیە، کە بە شێوەیەکی یەکسان و دادپەروەرانە، هەڵسوکەوت لەگەڵ سەرجەم هاووڵاتییان و پێکهاتە جیاوازەکانی بکات.

    له‌بارەی کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان هەرێمی کورستان و حکومەتی فیدراڵیش، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە دا، ئەگەر خواست و ئیرادە و نیازپاکی هەبێت، چارەسەرکردنی کێشەکان سەخت نین. لەم ڕووەوە گوتی پەرۆشی و ئامادەیی خۆمان بۆ چارەسەرەکردنی بنەڕەتی و یەکجارەکیى کێشەکان لە چوارچێوەی دەستوور و ڕێککەوتنەکان دووپات دەکەینەوە و پشتیوانیش لە کارنامەی حکومەتی فیدراڵ و هەوڵەکانی سەرۆک وەزیران محەمەد شیاع سوودانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەکەین. بە تایبەتی کێشەی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم، کە پێویستە وەک هەموو ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەخۆرانی هەرێمیش، مانگانە بە شێوەیەکی ئاسایی و لە ڕێگەی دامەزراوە فەرمییەکانی حكومەتی هەرێم مووچه‌كانيان وەربگرن.

    شاندەکە وێڕای ستایشکردنی کاروانی ئاوەدانیی و دەسکەوتەکانی گەشەپێدانی هەرێمی کوردستان، ئاماژەیان بەوە دا کە ئێستا نیازپاکی لە هەردوولادا هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و پێویستە ئەو کەش و دەرفەتە ئەرێنییەی دوای سەردانی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتیى سەرۆکی حکومەت بۆ بەغدا هاتووەتە ئاراوه‌، لە دەست نەدرێت و لەسەر بنەمای دەستوور کێشەکان چارەسەر بکرێن.