نەجەفی ئەشرەف - INA - حەیدەر فەرمان
ئەمڕۆ پێنجشەممە، لیژنەی هەرێم و پارێزگاكانی ئەنجومەنی نوێنەران گرنگترین ئەو پڕۆژانەی بەسەركردەوە كە لە نەجەفی ئەشرەف تەواوكراون یان لە قۆناغی جێبەجێكردندان.
پارێزگاری نەجەف ماجد وائیلی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: شاندەیەكی لیژنەی هەرێم و پارێزگاكانی ئەنجومەنی نوێنەران سەردانی پارێزگاكەیان كرد و پێداچوونەوەیان بە دۆسیەی ئاوەدانكردنەوە و ڕێژەی تەواوكردنی كرد، هەروەها بە كورتی لەبارەی ڕەشنووسی یاسای پاڵپشتی فریاگوزاری كە لە ئێستادا لە سەرجەم قەزا و ناحیەكان جێبەجێ دەكرێت ئاگاداركرانەوە.
وائیلی ئاماژەی بەوەشكرد: لەلایەن حكومەتی خۆجێیەوە ئاگاداركرانەوە سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ پڕۆژە دواكەوتووەكان لە سەردەمی حكومەتەكانی پێشوودا. هەروەها لە میانی كۆبونەوەیەكدا باس لەو پڕۆژانە كرا كە لە چوارچێوەی یاسای بودجەی ساڵی 2023 جێبەجێدەكرێن، كە پەرە بە ژێرخان و كەرتە گرنگەكانی پارێزگا دەدات.
جەختیشكردەوە: لە چوارچێوەی یاسای بودجەی پاڵپشتی فریاكەوتن 400 پڕۆژەمان هەیە، و بەسەر سەرجەم قەزا و ناحیەكاندا دابەشكراوون، هەندێكیان تەواوبوون، و هەندێكی تریشیان تائێستا لەقۆناغی جێبەجێكردندان، بەڕێژەی جیاواز و لیژنەكەش پێداچوونەوەی بۆ كردوون.
لای خۆیەوە، خالید سامەڕائی سەرۆكی لیژنەكە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕوونكردنەوە: كە سەرجەم ئەو پڕۆژانەی كە لە چوارچێوەی یاسای پاڵپشتی فریاگوزاریدا پەرەیان پێدراوە لەگەڵ پارێزگار تاوتوێ كران، هەروەها خشتەی ئەو پڕۆژانەی كە لە چوارچێوەی یاسای بودجەی ساڵی 2023دا جێبەجێ دەكرێن، گفتوگۆیان لەسەر كرا.
وتیشی: لە میانی كۆبوونەوەكەدا لە دیوانی پارێزگا لەگەڵ بەڕێوەبەرە گشتییەكان، پێداچوونەوەمان بە سەرجەم ئەو پڕۆژانەدا كرد كە بەسەر كەرتە جیاوازەكاندا دابەشكرابوون، هەروەها ڕێژەی تەواوكردنی باشمان لە چوارچێوەی بودجەی یاسای پاڵپشتی فریاگوزاریدا بینی.
سامەڕائی ئاماژەی بەوەشكرد: سەبارەت بە كێشەی كەڵەكەبوونی پاشماوە، ئێمە ئاڕاستەی پارێزگارمان كرد بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆی، هەروەها باسمان لە ئاستەنگەكانی بەردەم ئیدارەی مەدەنی سەبارەت بەم دۆسیەیە كرد.