بەغداد - INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، بەڕێوبەرایەتی كاروباری ماددە هۆشبەرەكان و كارتێكەرە دەروونییەكان لە وەزارەتی ناوخۆ، ئاماری ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەكانی لە سەرەتای ئەمساڵ 2023ـەوە ڕاگەیاند، و تەئكیدیشی لە بوونی هاوكاری هاوبەش لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ كردەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان.
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەكە عەقید بیلال سوبحی، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان بەڕێنمایی ڕاستەوخۆی وەزیری ناوخۆ عەبدولئەمیر شەمەری، هەوڵی زۆر دەدات بۆ روبەروبوونەوەی بەڵای ماددە هۆشبەرەكان و بەئامانجگرتنی بازرگانانی گەورەی ماددەهۆشبەرەكان.
ئاماژەی بەوەشكرد: لەماوەی نۆ مانگی رابردوودا بەڕێوەبەرایەتییەكە توانیویەتی نزیكەی 12 هەزار تۆمەتبار دەستگیربكات و دەست بەسەر سێ تۆن و نیو مادەی هۆشبەری جۆری جیاوازدا بگرێت.
وتیشی: هاوكاری و هەماهەنگی هاوبەش لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و نوسینگەی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق هەیە لەبارەی ئاڵوگۆڕی زانیاری و شارەزایی و ڕێگریكردن لە قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەكان لە سنورەكان و زۆنگاوەكان و ڕێگا بیابانیەكان لە دیوی ڕۆژئاواوە.
ئاشكراشیكرد: دوایین دەستگیركردن، باندێكی ماددە هۆشبەرەكان بوو كە 12 كیلۆگرام حەشیش و كریستاڵیان پێگیراوە، ئەوەش دوای ئەوەی زانیاریان لە لایەنی سوریاوە پێگەیشت.