هەولێر- INA
دوێنێ شەو رێكەوتی 1-10-2023 لە هۆتێل كوارتز لەشاری هەولێر و بەئامادەبوونی رۆشنبیران و نووسەران و شاعیر و رۆژنامەنووس و نووسەرانی شارەكە و دەزگاكانی راگەیاندن،لەشەوێكی پڕاوپڕ لە بەسەرهات و حیكایەتی زەمانی زوو و كاتە قوڕس و هەستیارەكانی بوون و نەبوونی نیشتمان،نووسەر ورۆژنامەنووس فەرهاد عەونی و لەگەڵ نووسەر و رۆژنامەنووس شێرزاد هەینی دوو كتێبیان كردە ملوانكەی سەرەتای پایز و لە ملی ئامادەبوانیان كرد.
سەرەتا شاعیر رێدار سابیر كۆڕەكەی بەرێوەدەبرد و شێرزاد هەینی نیوكاتژمێرێك باسی لەهەڤپەیڤینی خۆی كرد كە لەگەڵ فەرهاد عەونی ئەنجامی داوە،هەینی زۆر بەسەلیقە و قسەی نەستەق و نوكتەئامێز،چوار مانگەی ئەم پرۆژەی خستەڕوو،كە هەموو مرواری بوو بۆ نووسینی كوردی و رووداوە گرنگ و هەڵوێستە سنوورشكێنەكان بۆ ئەزمونی نوێی كتێب.
دواتر نووسەر فەرهاد عەونی باسی لە كتێبە نوێیەكەی كرد بەناوی (دوێنێ ئەمڕۆم دەنووسی)،كە رێك كاتی خۆی گۆشەیەكی رەخنە وپەندئامێز و نەرمە نەرمە لەنوسینەكانیشی توانجی فێنك و سڕكردنی كاتی تیابوو باس دەكرد،نووسەر زۆر بەهێمنی ولەسەرخۆ یادگارییە پڕ لەخۆشی و ناخۆشییەكانی كردبووە جێگای نیشان بۆ ئەوەی بیخاتە بەردەم خوێنەر و ئەوان خۆیان تەحلیلی بكەن،ئەو زۆر بەڕاشكاوانە باسی ئەزمونە هەڵەكانی مرۆڤەكانی كرد كە خودی خۆشی بەمشێوە هەژماركرد،چونكە لە ووتەیەكی نەستەق وحەق گوتی : هەموومان هەڵەین و هەمووشمان بەرپرسین.
لەكۆتایی دوو كتێبە بەنرخەكە بۆ میوانەكان وئامادەبووان هاتە سەرمێز و لەوێش چووین تۆزێك شیرینی وچا وقاوەمان خواردەوە.