بەغداد - INA
سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ شەممە، تەئكیدیكردەوە: كە عێراق لەسەر ڕێچكەیەكی ڕاستە و هەوڵەكانی ئەو كەسانەی كە شەو و ڕۆژ كاردەكەن دەستیان بە دەركەوتن و بەرهەمهێنان كردووە.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ شەممە، لە میانەی رێوڕەسمی ڕێزلێناندا كە لە بەغدادی پایتەخت بەڕێوەچوو، خەڵاتی خوێندكارە یەكەم و سەركەوتووەكانی كرد لە دەرچووانی خوێندنی ئامادەیی بۆ ساڵی خوێندنی 2022-2023.
سەرۆك وەزیران لە وتارەكەیدا بۆ خوێندكاران، هەڵسەنگاندن و پێزانینی بەرزی خۆی بۆ دەستكەوتە ئەكادیمییەكانیان و سەركەوتنەكانیان دەربڕی و دەستكەوتەكانیان بە بەرهەمی ئارامگرتن و ماندووبونی خوێندكاران و خێزانەكانیان وەسف كرد بۆ بەدەست هێنانی ئەنجامی بەرز.
هەروەها ئاماژەی بە ستراتیژی نیشتمانی بۆ خوێندن كرد كە یەكێك لە ئەنجامەكانی تەرخانكردنی 5000 نێردەی خوێندنە لە بوارە گرنگ و دەگمەنەكاندا، ئەمە لەلایەن بزووتنەوەی گەشەپێدان و پەرەپێدانی ژێرخانەوە پێویستە و دەرفەتێك دەبێت بۆ هەموو خوێندكارە سەركەوتوەكان و یەكەمەكان بەپێی ئامانجی بەرنامەی حكومەت.
سودانی جەختیكردەوە: كە ئەم سەركەوتنە هیوایەكە حكومەت پشتی پێ دەبەستێت بۆ بەرەوپێشبردنی بنیاتنانی دەوڵەت كە هەموو عێراقییەك ئارەزووی بۆ دەخوازێت و تەئكیدیشیكردەوە: كە عێراق لەسەر ڕێچكەیەكی ڕاستدایە و هەوڵەكانی ئەو كەسانەی كە شەو و ڕۆژ كار دەكەن دەستیان بە دەركەوتن و بەرهەمهێنان كردووە.
هەر بەپێی بەیاننامەكە، سودانی سوپاسی مامۆستایان و دەستەی فێركاران و دایكان و باوكانی كرد كە ڕاستەوخۆ بەشدارییان كردووە لە چاودێریكردنی خوێندكارە سەركەوتوەكان و پێشكەشكردنی هەموو هاوكاری و پشتیوانییەك بۆیان.
هەروەك سەرۆك وەزیران لەبارەی كێشە و پێداویستییەكانی خوێندكارانەوە ئاگاداركرایەوە و فەرمانی كرد بە پێكهێنانی لیژنەیەك بە ئەندامێتی ڕاوێژكارانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بۆ بەدواداچوون لەسەر ئەم داواكارییانە و پێشكەشكردنی ئاسانكاری و زاڵبوون بەسەر بەربەستەكاندا بەگوێرەی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران.