بەغدا - ئای ئەی
ئەمڕۆ شەممە، ڕەزاق محێبس سەعداوی، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن دووپاتی كردەوە كە لیژنەی هاوبەش لە نێوان بەغدا و ئەنقەرە بۆ تاوتوێكردنی پرسە تەكنیكی و دارایی و یاساییەكان پێكهێنراوە.
لە ڕاگەیەندراوێكی وەزیری گواستنەوە ، كە بەدەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی گەیشتووە، تێیدا هاتووە، “وەزیری گواستنەوە، ڕەزاق محێبس سەعداوی، كۆبوونەوەیەكی فراوانكراوی لە بەغدا ئەنجامدا، لەگەڵ عەبدولقادر ئۆرالۆغڵو، وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی توركیا، و شاندی یاوەری، و بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای هەردوو وڵات، بۆ گفتوگۆكردنی پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان".
سەعداوی وتی: لەگەڵ عەبدولقادر ئورالۆغلو وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی توركیا كۆمەڵێك بابەتی پەیوەست بە پڕۆژەی گەشەپێدانی ڕێگاوبانمان تاوتوێ كرد، ڕوونیشیكردەوە، “لە كۆبوونەوەكەدا باس لە پرسە تەكنیكی و یاسایی و داراییەكان كرا”.
ئاماژەی بەوەشكرد، "هەروەها لە كۆبوونەوەكەدا پێداچوونەوە بە مۆدێلی ئابووریی پڕۆژەكە و چۆنیەتی دامەزراندنی و بەڕێوەبردنی پڕۆژە جیاوازەكانیدا كرا".
هەردوولا جەختیان لەوە كردووەتەوە، بەپێی بەیاننامەكە، “گرنگی ئەنجامدانی سەردانی مەیدانی بۆ خاڵەكانی پەیوەندی وشكانی و شەمەندەفەر لە نێوان هەردوو وڵاتدا”.
سەعداوی دووپاتی كردەوە، “لیژنە هاوبەشەكانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە پێكهێنراون بۆ تاوتوێكردنی كێشە تەكنیكی و دارایی و یاساییەكان، كە كار بۆ چارەسەركردنی هەر كێشەیەك دەكەن بەمەبەستی دەستپێكردنی كاركردن لەسەر جێبەجێكردنی پڕۆژەكە”.