مەندەلاوی داوای لێكۆڵینەوەی بەپەلە دەكات بۆ ئاشكراكردنی بارودۆخی كارەساتەكەی حەمدانییە

سیاسی
  • 27-09-2023, 21:03
  • +A -A

    بەغداد  - INA




    ئەمڕۆ چوارشەممە، جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران موحسین مەندەلاوی، داوای لێكۆڵینەوەی بەپەلەی كرد بۆ ئاشكراكردنی بارودۆخی كارەساتەكەی حەمدانییە.
    نوسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت:  موحسین مەندەلاوی جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، دوو پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ ساڵح حەسناوی وەزیری تەندروستی و نەجم جبوری پارێزگاری نەینەوا ئەنجامداوە، بۆ بەدواداچوونی بارودۆخی بریندارانی ڕووداوی گڕگرتنی هۆڵی ئاهەنگەكەی قەزای حەمدانییە.
    لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە: مەندەلاوی دڵنیایی داوە لەوەی حاڵەتە سەختەكانی بریندارانی كارەساتەكەی حەمدانییە لە ڕێگەی فڕۆكەیەكی تایبەتەوە بۆ دەرەوەی عێراق دەگوازرێنەوە، هەروەها تێچووی تەواوی گەشت و چارەسەری ئەوانی لە ئەستۆ گرتووە، هەروەك بەدواداچوونی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی كردووە لەسەر پێداویستییەكان بۆ پێشكەشكردنی چاودێری گونجاو بۆ ئەو كەسانەی كە لە ڕووداوەكەدا بریندار بوون.
    جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، داوای لە حكومەت كرد لێكۆڵینەوەیەكی بەپەلە ئەنجام بدات بۆ ئاشكراكردنی بارودۆخی ئەم كارەساتە دڵتەزێنە، هەروەها لێپرسینەوە لە هەموو ئەو كەسانە بكات كە كەمتەرخەم بوون، هاوكات پرسەو سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی كەسوكاری قوربانییەكان كرد و داوای لە خودای مەزن كرد كە بیانخاتە بەر ڕەحمەتی خۆی و لە بەهەشتی بەریندا جێگایان بكاتەوە و سەبر و ئارامی بە خێزانە بەڕێزەكانیان بدات.