بهغداد - INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، تەئكیدیكردەوە: كە حكومەت لە پرۆسەی پێداچوونەوەدایە بۆ شێوازی پەیوەندییەكان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا، و هاوكات بانگهێشتنامەیەكی ئاراستەی ئەمینداری گشتی هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی (ناتۆ) كرد بۆ سەردانیكردنی عێراق.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیران لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە (بە كاتی بەغداد) لە نیویۆرك لەگەڵ ئەمینداری گشتی هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی (ناتۆ) ینس ستۆلتنبێرگ كۆبووەوە، لە پەراوێزی بەشداریكردنیدا لە 78 هەمین كارەكانی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكاندا.
بەپێی بەیاننامەكە، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، بانگهێشتنامەیەكی ئاراستەی ستۆڵتنبێرگ كرد بۆ سەردانیكردنی عێراق لەسەر خواستی خۆی، و ستایشی ئەو پشتیوانییەی كرد كە ناتۆ لە ماوەی جەنگی دژ بە داعشدا پێشكەشی كرد، چی لە ڕێگەی بەشداریكردنی ڕاستەوخۆوە بێت لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان، یان لە ڕێگەی پێشكەشكردنی ڕاوێژكاری و ڕاهێنانی هێزە ئەمنییەكانی عێراق-ەوە بێت، كە ڕەنگدانەوەی ئەو سەقامگیرییە بوو كە ئەمڕۆ لە وڵاتەكە بەدی دەكرێت.
سودانی جەختیكردەوە، لەسەر گرنگی هەماهەنگی لە بواری ئاڵوگۆڕكردنی زانیاری و بەدواداچوون بۆ سەرچاوە دارایییەكانی تیرۆر كە تۆڕەكانیان لە هەموو وڵاتانی جیهاندا بڵاوبوونەتەوە، جگە لەو ئاستەنگیانەی كە پەیوەستە بە بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەر و قاچاخچێتییەوە.
هاوكات ئاماژەی بەوەكرد: كە حكومەت لە پرۆسەی پێداچوونەوەدایە بۆ شێوازی پەیوەندییەكان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا لە چوارچێوەی ئامادەیی هێزە ئەمنییەكانی عێراق، كە بووە هۆی پێكهێنانی لیژنەیەكی دوولایەنە و ئەنجامدانی چەندین وتوێژ و سەردانی شاندێكی وەزارەتی بەرگری بۆ واشنتۆن بۆ بەدواداچوون لەسەر ئەم بابەتە و گفتوگۆكردن لەسەر پەرەپێدان و ڕاهێنانی هێزە عێراقییەكان.
لەلای خۆیەوە، ستۆڵتنبێرگ سوپاسی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی كرد، وەك ڕێزێك بۆ هەنگاوەكانی حكومەتی عێراق بەرەو چاكسازی، لەگەڵ ڕۆڵی حكومەت و خەڵكی عێراق لە ڕێگەی هێزە ئەمنییەكانیەوە لە شكستپێهێنانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش و بەرپەرچدانەوەی مەترسییەكان نەك تەنها لە سەر عێراق بەڵكو لەسەر گەلانی وڵاتانی هاوپەیمانیشدا، و جەختیكردەوە: لە ڕێزگرتن لە سەروەری عێراق و فراوانكردنی هاوكارییەكان لە پێشكەشكردنی ڕاوێژ و ڕاهێنان بۆ هێزە ئەمنییەكانی عێراق لەگەڵ پێكهاتەكانی وەزارەتی ناوخۆدا.
كهشناسی: لهههفتهی داهاتوو باران دهبارێت