مالكی و تاڵەبانی باس لە پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكان و كاردانەوەكانی بەئامانجگرتنی فڕۆكەخانەی عەربەت دەكەن

سیاسی
  • 20-09-2023, 19:38
  • +A -A

    بەغداد  - INA
    ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا نوری مالكی لەگەڵ سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بافڵ تاڵەبانی، گفتووگۆیان كرد لەبارەی پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكان و كاردانەوەی بەئامانجگرتنی فڕۆكەخانەی عەربەت لە سلێمانی.
    نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: ئەمڕۆ سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا نوری مالكی لە نوسینگەی خۆی پێشوازی لە سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بافڵ تاڵەبانی و شاندی یاوەری كرد.
    لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە: لە میانەی كۆبوونەوەكەدا باسیان لە دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكان و  هەروەها كاردانەوەكانی بە ئامانجگرتنی فڕۆكەخانەی ئاسمانی عەربەت لە پارێزگای سلێمانی كرد.
    هەر بەگوێرەی بەیاننامەكە، مالكی، ئیدانەی توندی خۆی بۆ ئەو ڕووداوە دەربڕی و هێرشەكەی بە پێشێلكردنی ئاشكرای سەروەری عێراق لە قەڵەمدا، و داواشی لە وڵاتانی دراوسێ كرد رێز لە سەروەری عێراق بگرن و خۆیان لە بەكارهێنانی ڕێبازی هێز بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان بەدوور بگرن، و ئاماژەشی دا: بە گرنگی بەردەوامی هەوڵە نیشتمانییەكان لە پێناو جێگیركردنی سەقامگیری و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی زیاتر بە هاووڵاتیان لە بوارە جیاجیاكاندا.
    لەبەرامبەردا بافڵ تاڵەبانی هەڵوێستەكانی مالكی بەرز نرخاند بۆ پشتیوانی لە چارەسەركردنی كێشە هەنووكەییەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی دیالۆگەوە، هەروەها ڕێككەوتنی ئەم دواییەی نێوان حكومەتی فیدراڵی و هەرێمی كوردستان سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، و وتیشی: سیاسەتی ئێمە ڕوون و ئاشكرایە و ئامانجمان دابینكردنی خزمەتگوزارییە و بۆ ئەوەش هەر لە سەرەتاوە كارمان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان كردووە و ئامانجمان ئەوە بووە كە دەستوور ببێتە بنەمای چارەسەركردنی كێشەكان، و ئاماژەی بەوەشدا: هەماهەنگی و كاری هاوبەش فاكتەری سەقامگیری و بنیاتنانی داهاتوویەكی شایستەن بۆ گەلی عێراق.