بەغدا - INA - نەسار حاج
ئەمڕۆ یەكشەممە وەزارەتی كشتوكاڵ ئامادەیی خۆی ڕاگەیاند بۆ دابەشكردنی نزیكەی دوو ملیۆن دارخورما و نەمام بەسەر دامودەزگاكانی دەوڵەت و زانكۆ و قوتابخانەكاندا لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەكەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران، هاوكات وادەی جێبەجێكردنی قۆناغی یەكەمی دیاریكرد لە دەستپێشخەرییەكە.
میساق عەبدولحوسێن یاریدەدەری تەكنیكی وەزارەت بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: بە پشتبەستن بەو دەستپێشخەرییەی كە محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیران لە كۆنفرانسی كەشوهەوا لە بەسڕە دەستیپێكرد بۆ چاندنی 5 ملیۆن دارخورما و نەمام، وەزارەتی كشتوكاڵ جێبەجێكردنی ئەم دەستپێشخەرییەی پەسەند كرد، بە ئامادەكردنی نەمام و دار و دارخورما پێویست بوو بە چەند قۆناغێك بخرێتە بازاڕەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد : نزیكەی 2 ملیۆن نەمام و دارخورما ئامادەكراوە بۆ دابەشكردن لە وەرزی كشتوكاڵدا بۆ دارستانكردنی شارەكان لەماوەی ساڵی 2023 لەڕێگەی هەماهەنگی لەگەڵ سەرجەم دامودەزگاكانی دەوڵەت، زانكۆكان، پەیمانگاكان، قوتابخانەكان، بەرێوەبەرایەتی شارەوانیەكان، و وەزارەتی پەروەردە و بەرگری و ناوخۆ.
لە درێژەی قسەكانیدا : لیژنەیەكی نیشتمانی ئاستی باڵا لە هاوبەشەكانی كەرتی تایبەت و حكومی و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان پێكدەهێنرێت بۆ دەستپێكردنی كارەكانی دارستانكردن لە ماوەی مانگی ئێستای ئەیلولدا.
ئاماژەی بەوەشكرد : وەزارەتی كشتوكاڵ لە یەكەم مانگی دەستپێكردنی دەستپێشخەرییەكەیەوە لە مانگی ئازاری 2023 لەسەر ئاستی وێستگەكانی دەستیكردووە بە جێبەجێكردنی دەستپێشخەرییەكە، هەروەها بەرنامەكانی بەرەنگاربوونەوەی بیابانبوون و سەقامگیركردنی تەپۆڵكە خۆڵەكان، داوای لە هاووڵاتیان كرد پشتیوانی دەستپێشخەریی دارستانكردن بكەن، بە مەبەستی بڵاوكردنەوەی كولتوری سەوز بۆ باشتركردنی ژینگەكەمان.