واشنتۆن هەوڵ و هەنگاوەکانی بانکی ناوەندی عێراق لە گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی وردبینی بەرز دەنرخێنێت

ئابوری
  • 13-09-2023, 18:48
  • +A -A

    بەغداد ـ INA

    ئەمڕۆ چوارشەممە، عەلی موحسین عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق، لەگەڵ ئێلیزابێس ڕۆزنبێرگ یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، سەبارەت بە توانای پێشکەشکردنی پاڵپشتی تەکنیکی لە بواری دارایی بازرگانی دەرەکی لە ڕێگەی کەناڵە بانکییە باوەڕپێکراوەکانەوە گفتوگۆیان کرد، و هاوكات ڕۆزنبێرگ هەوڵ و هەنگاوەکانی بانکی ناوەندی عێراقی لە گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی وردبینی بەرز نرخاند.
    بانکی ناوەندی لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردوە، دەڵێت: عەلی موحسین عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی، پێشوازی لە ئێیزابێس ڕۆزنبێرگ یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا و شاندی یاوەری کرد.
    ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: لە میانی کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییە دووقۆڵییەکان تاوتوێ کران و ئەو ڕێوشوێنانەی بانکی ناوەندی عێراق لە بواری بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆریستان گرتوویەتەبەر تاوتوێکران، ئەوە جگە لە تەئكیدكردنەوەی ئەو پشتگیرییە بەردەوامەی کە لەلایەن گەنجینەی ئەمریکاوە پێشکەش دەکرێت و هەوڵە هاوبەشەکان بۆ بەرزکردنەوەی شەفافیەت و یەکپارچەیی و جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی پابەندبوونی نێودەوڵەتی لە سیستەمی بانکی عێراقیدا.
    ئاشكراشیكرد: هەردوولا تاوتوێی بەدواداچوونیان بۆ دەرئەنجام و ئاكامی کۆبوونەوەکانی پێشووی نێوان بانکی ناوەندی عێراق لەلایەک و وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا و یەدەگی فیدراڵی ئەمەریکا لەلایەکی دیکە کرد، لەگەڵ توانای پێشکەشکردنی پاڵپشتی تەکنیکی لە بواری دارایی بازرگانی دەرەکی لە ڕێگەی کەناڵە بانکییە متمانەپێکراوەکانەوە بە میکانیزمێک کە ببێتە هۆی دابینکردنی دارایی بازرگانی دەرەکی شەرعی، بە دراوی جۆراوجۆر، لەوانە (یۆرۆ، یوانی چینی، و درهەمی ئیماراتی)، هەروەها ڕێکخستنی جوڵەی بازرگانی لەگەڵ کۆماری تورکیا.
    هاوكات وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، هەوڵ و هەنگاوەکانی بانکی ناوەندی عێراقی لە گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی وردبینی بۆ دڵنیابوون لە وردبینی و شەفافیەتی ڕێکارەکان بەرز نرخاند