هەولێر - INA
ئەمڕۆ چوارشەممە ، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ، لە رێوڕەسمی لێدانی زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لە هەولێر بۆیە وتەیەكدا رایگەیاند: "بە تەماین سەردانی بەغدا بكەین، بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی ئاشتیانە هەوڵی چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكانمان بدەین پشوودرێژی ئێمە مانای لاوازی هەرێمی كوردستان نییە بەڵكو خەمخۆری ئێمەیە بۆ ئەوەی نەهێڵین كێشە و گرفتەكان بە ئاقارێكی دیكەدا ببرێن دەمانەوێت بەشێوەیەكی ئاشتیانە كێشەكانمان چارەسەر بكەین و هەموو شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان و مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان دەستەبەر بكەین"
نووسیگەی راگەیاندنی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیندراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی نێردراوە تێیدا هاتووە"ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٣ ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، قوتابخانەی دواناوەندیی تێكەڵاوی گوندی كۆریی كردەوە و لە هەمان قوتابخانە زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی لێدا".
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە وتارەكەیدا وتی: "بیرمە دوو ساڵ پێش ئێستا كە هاتین بۆ سەردانی ئەو زیانانەی بەهۆی لافاو بە گوندی كۆری و ئەم قوتابخانەیەی ئێوە كەوتبوو، هاتین بۆ سەردانی ئەم شوێنە، ئەو وەختە گەنجێك هات بۆ لای من، من وامزانی داوای هاوكاری بۆ خێزانەكەی دەكات، بەڵام داوای كرد و گوتی: دەمانەوێ قوتابخانەیەكمان بۆ دروست بكەن. ئێمە هەر لەو وەختە داوامان كرد بۆ ئەوەی بتوانین ئەو قوتابخانەیە دروست بكەین، داوامان لە كەرتی تایبەت كرد. بە سوپاسەوە ئەو كاتە كاك شێخ فاخیر شێخ تەیب، ئەم ئەركەی گرتە ئەستۆ و داواكەی قەبووڵ كرد و ئەم قوتابخانەیەی دروست كرد، لێرەوە جێی خۆیەتی من سوپاسی كاك شێخ فاخیر و گرووپەكانی قەیوان بكەم كە ئەمە چەندین قوتابخانەیە پێشكەشی قوتابییە خۆشەویستەكانی كوردستانی دەكەن، زۆر زۆر سوپاس، هیوادارم نموونەتان زۆر بێت".
هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد كە كەمو كورتی زۆر هەیە ،بەڵام لەو ماوەیە هەوڵی زۆر جددی دراوە بۆ ئەوەی چاكسازی لە كەرتی پەروەردەدا بكرێت و شتی زۆر باشیش كراوە. دەزانم شتی هەڵە زۆر هەبووە، بۆ ئەوەی ئەم هەڵانە ڕاست بكرێنەوە كاری جددی كراوە".
بارزانی ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد كە"هەموومان دەزانین لەوانەیە زۆر فشار بخرێنە سەر هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی ئەزموونەكەی ئێمە دووچاری شكست ببێت یان بەرەوپێشەوە نەچێت، یەكێك لە هۆكارەكانی بەرەوپێشچوونی وڵاتەكە ئەمەیە كە نەوەی داهاتووی ئێمە باشتر بێت، خوێندنی باشتر، پەروەردەی باشتر، بتوانێت وڵاتێكی باشتر و خۆشترمان بۆ ئاوەدان بكات. بۆیە نابێ بە هیچ شێوەیەك ئێمە بكەوینە ژێر فشاری هیچ لایەنێك كە خوانەخواستە نەیەڵین كەرتی پەروەردە یان خوێندن بەردەوام بێت. من زۆر زۆر سوپاسی ئەو مامۆستا بەڕێزانە دەكەم كە دەزانم لە ڕووی ماددییەوە چەند تووشی گرفت بووبن، بەڵام ئەوەی ئێمە پێمان بكرێ لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ ئەوەی ئەم قەیرانە و ئەم دۆخە نالەبارەی ئێستا هەیە، تێپەڕێت".
لەسەر كێشەی موچە و كێشەكانی تر لە گەڵ بەغدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان وتی "بەتەماین سەردانی بەغدا بكەین بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی ئاشتییانە هەوڵی چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكانمان بدەین. پشوودرێژیی ئێمە مانای لاوازیی هەرێمی كوردستان نییە، بەڵكوو خەمخۆریی ئێمەیە بۆ ئەوەی نەهێڵین كێشە و گرفتەكان بە ئاقارێكی تردا ببرێن و دەمانەوێ بە شێوەیەكی ئاشتییانە كێشەكانمان چارەسەر بكەین و هەموو شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان و مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان دەستەبەر بكەین"، هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد سەردانی لایەنە سیاسییەكان بكات بۆ ئەوەی بزانیت بۆچی وەڵامی چاكەی خەڵكی كوردستان بەم شێوەیە دەدرێتەوە" سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان وتیشی" كاتێك كە خەڵكی كوردستان باوەشیان بۆ هەموو خەڵكی عێراق كردەوە، چاومان لەوەیە كە ئێستا هەموو خەڵكی عێراقیش بەرگری لە ماف و شایستەكانی خەڵكی كوردستان بكات. دەمانەوێ بزانین كە لەبەر چی ئەو سیاسەتی برسیكردنی هەرێمی كوردستان دەگرێتە بەر؟ ئێمە پێمانوایە سەركەوتنی كوردستان سەركەوتنی هەموو عێراقە. بووژانەوەی ئابووریی كوردستان بووژانەوەی ئابووریی هەموو عێراقە".
مەسرور بارزانی وتی: "ئێمە پێشتر لە سەردانەكانماندا بۆ بەغدا زۆر رێككەوتنی باشمان لەگەڵ سەرۆك وەزیران ئەنجامدا و ئەو رێككەوتننانە پیمان وابووە دەبنە هۆكارێك بۆ سەقامگیری زیاتری عێراق و پێشخستنی وڵاتەكەمان، بەڵام بەداخەوە رێگریان لێكرا و نەیانهێشت رێككەوتنەكانی ئێمە لەگەڵ سەرۆك وەزیران بكەونە بواری جێبەجێكردن، بەڵام ئێمە داكۆكی لەسەر ئەوە دەكەینەوە كە جارێكی تریش رێگەی چارەسەر بدۆزینەوە، بۆیە لە سەردانەكەماندا بۆ بەغدا هەموو هەوڵێك دەدەین بەشێوەیەكی ئاشتیانە چارەسەری كێشە و گرفتەكان بكەین".