سەرۆكی هەرێم لەگەڵ وەزیری دەرەوەی نەمسا كۆبووەوە‏

سیاسی
  • 13-09-2023, 12:47
  • +A -A

    هەولێر - INA
    سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی نەمسا كرد و لە كۆبونەوەیەكدا، پەیوەندییەكانی هەردوولا و كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد تاوتێكران.
    نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆكایەتی هەرێم لە راگەیندراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی نێردراوە تێیدا هاتوە "بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی ‏كوردستان ، پێشوازی لە ئەلێكساندەر شۆڵنبێرگ وەزیری دەرەوەی نەمسا و ‏شاندێكی یاوەری كرد.‏

    هەروەها لە كۆبوونەوەیەكدا كە سەرۆك و جێگرانی سەرۆكی هەرێم و بەرپرسی فەرمانگەی ‏پەیوەندیەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان و نوێنەری حكوومەتی هەرێمی ‏كوردستان لە نەمسا ئامادەی بوون، پەیوەندییەكانی نەمسا لەگەڵ عێراق و هەرێمی ‏كوردستان، پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا، كۆچی نایاسایی بۆ ئەورووپا و دوایین ‏پێشهاتەكانی ناوچەكە بەگشتی، تاوتوێ كران".‏

    بە پێی راگەیندراوەكە سەرۆكی هەرێمی كوردستان وێرای ئاماژەدان بە پەیوەندیی لەمێژینەی هەردوولا و ‏ستایشی پشتگیریی نەمسا لە هەرێمی كوردستان و بەردەوامیی گەشتیی ‏ڕاستەوخۆی ئاسمانیی ڤیەننا ـ هەولێر، پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە وەزیری ‏دەرەوەی نەمسا كرد بۆ دووبارە كردنەوەی باڵیۆزخانەی وڵاتەكەیان لە بەغدا و ‏داوای كرد نوێنەرایەتییەك لە هەرێمی كوردستان بكەنەوە.
    بارزانی، ئامادەییی ‏هەرێمی كوردستانی بۆ برەودان بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ نەمسا لە هەموو ‏بوارەكاندا دووپات كردەوە. ‏
    لای خۆیەوە  وەزیری دەرەوەی نەمسا دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی بە ‏‏بایەخەوە لە پەیوەندییەكانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان دەڕوانێت و كار بۆ ‏‏ئەوە دەكەن نوێنەرایەتییەك لە هەولێر بكەنەوە، هەروەها جەختی لەوە ‏كردەوە كە ‏كەرتی تایبەتی نەمسایی خوازیارە وەبەرهێنان لە ‏هەرێمی كوردستان بكات. ‏لەمبارەیەوە هەردوولا هاوڕا بوون كە سەقامگیریی ‏سیاسی و ئەمنی گرنگە بۆ ‏ڕاكێشانی سەرمایەگوزاریی بیانی و ‏پێشكەوتنی ئابووری. دەربارەی كۆچی ‏نایاساییش، هەردوولا داكۆكییان لەوە كردەوە ‏كە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كۆچی ‏ناسایی، دەبێ هەماهەنگیی هەمەلایەنە لەنێوان ‏وڵاتانی ئەورووپا و ناوچەكەدا ‏هەبێت.‏

    لەسەر كێشەكانی هەولێر ـ بەغدا، نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كردەوە ‏كە دەبێ كێشەكان لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بكرێن و سیستمی فیدراڵی بە ‏تەواوی جێگیر ببێت، بۆ ئەو مەبەستەش گفتوگۆیەكی بنیاتنەر لەسەر بنەمای ‏لێكگەیشتنی هاوبەش بۆ چارەسەر و تێپەڕاندنی كێشەكان، بەڕێوە بچێت. هەروەها ‏جەختی لە پەیوەندیی دراوسێیەتیی باش لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و پاراستنی ‏بەرژەوەندیی هاوبەش كردەوە.‏