نێچیرڤان بارزانی له‌په‌یامێكدا جه‌خت له‌ يه‌كڕيزى و ته‌بايى و يه‌كترقبووڵكردن و هاوكاريى نێوان ته‌واوى هێز و لايه‌ن و پێكهاته‌كانى گه‌لى كوردستان ده‌كاته‌وه‌

سیاسی
  • 11-09-2023, 12:15
  • +A -A

    هه‌ولێرـ INA
    له‌یادی شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلولی گه‌لی كوردستاندا، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی ئاراسته‌ی گه‌لی كوردستان كردووه‌ ونووسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی بۆ ئاژانسی هه‌واڵی عێراقی ناردووه‌ وتێدا هاتووه‌:

    له‌يادی 62 ساڵه‌ى شۆڕشى مه‌زنى ئه‌يلوولدا، سڵاو و دروود بۆ گيانى پاكى ڕابه‌رى شۆڕش، بارزانيى نه‌مر و هه‌موو ئه‌و خه‌باتگێڕ و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانانه‌ ده‌نێرين كه‌ له‌پێناو ئازاديى گه‌ل و وڵاتدا گيانيان به‌خشى و له‌ ڕێگه‌ى سه‌خت و دژوارى شۆرشدا ڕه‌نج و ماندوويييان كێشاوه‌. به‌وپه‌ڕى ڕێز پێزانين و شكۆدارييه‌وه‌، به‌ بيريان ده‌هێنينه‌وه‌.
    شۆڕشى مه‌زنى ئه‌يلوول، دايكى شۆڕشه‌كانى كوردستانه‌ كه‌ بووه‌ هه‌ڵگرى به‌ها باڵاكانى گه‌لێكى سته‌مديده‌ و تينووى ئازادى و سه‌رفرازى. بووه‌ كۆكه‌ره‌وه‌ و ناسنامه‌ى نه‌ته‌وه‌يى و نيشتمانى و كولتووريى هه‌موو پێكهاته‌كانى گه‌لى كوردستان. بووه‌ هيوا و ئومێدێكى مه‌زن، ئاگايى و هه‌ست و وشياريى نه‌ته‌وه‌يى و نيشتمانى زيندوو كردووه‌. بووه‌ دۆز و داواى مافه‌ ڕه‌واكانى گه‌لێك كه‌ به‌ يه‌كڕيزى و ته‌بايى، ئاماده‌ى هه‌موو قوربانيدانێك بوو تا بگاته‌ سه‌ركه‌وتن و ئامانجه‌ باڵاكانى و ڕه‌وايه‌تى و ده‌نگى خۆى به‌ هه‌موو جيهان گه‌ياند.
    هه‌روه‌ها له‌به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌دا هاتووه‌" گه‌لى كوردستان له‌ شۆڕشى مه‌زنى ئه‌يلوودا به‌ بڕوا و به‌ره‌نگارى و گيانفيدايى و خوێن و قوربانى، يه‌كێك له‌ سه‌رسه‌ختترين ڕژێمه‌ خوێناوييه‌كانى ناوچه‌كه‌ى به‌ چۆكدا هێنا و ناچارى كرد دان به‌ مافه‌كانيدا بنێت. وێڕاى گه‌له‌كۆمه‌كيى نه‌ياران له‌ دژى شۆڕش و نسكۆش، مه‌شخه‌ڵى شۆڕش هه‌رگيز نه‌كوژايه‌وه‌ و ده‌ستكه‌وته‌كانى شۆڕش بوونه‌ بناغه‌ى هه‌موو ده‌ستكه‌وت و مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى دواترى گه‌لى كوردستان.
    وه‌ك چۆن يه‌كڕيزى و ته‌بايى، هێز و بنه‌ماى شۆڕشى ئه‌يلوول بوو، له‌م ياده‌شدا جه‌خت له‌ يه‌كڕيزى و ته‌بايى و يه‌كترقبووڵكردن و هاوكاريى نێوان ته‌واوى هێز و لايه‌ن و پێكهاته‌كانى گه‌لى كوردستان ده‌كه‌ينه‌وه‌. ئه‌مه‌ تاقه‌ ڕێگه‌ى تێپه‌ڕاندنى ئاڵنگارى و مه‌ترسى و سه‌ختييه‌كان و پاراستنى فيدراڵى و ماف و ده‌ستكه‌وته‌ ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و هێنانه‌ديى ئێستا و داهاتوويه‌كى باشتره‌ بۆ گه‌لى كوردستان‌. دروود و سڵاو بۆ گيانى پاكى شه‌هيدانى شۆڕش و ته‌واوى شه‌هيدانى ڕێگه‌ى ئازادى.