بهغدا-INA
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانی، ئێوارەی دوێنێ شەممە، بە ئامادەبوونی سەرۆک کۆمار عەبدولەتیف ڕەشید و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران محەمەد ڕیکان حەلبوسی میوانداری کۆبوونەوەیەکی گرنگی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی کرد.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لهراگهیێندراوێكدا بۆ ئاژانسی ههواڵی عێراقی راگهیاند" کۆبوونەوەکە تەرخانکرابوو بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بارودۆخی ئێستای پارێزگای کەرکوک و ڕێگاکانی باشترکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە سەرانسەری پارێزگاکە، کە تیایدا گفتوگۆی فراوان بەڕێوەچوو بە ڕۆحێکی بەرپرسیارێتیەوە بەرامبەر بابەتە نیشتمانییەکان و سەلامەتی ژیانی هاوڵاتیان.
هاوپەیمانێتیەکە سەرکۆنەی ڕووداوەکانی کەرکوک و ئەو ئاژاوە ئەمنییانە دەکەن کە هەڕەشە لەسەر ئاشتی هاوڵاتیان و تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە دوکات، و جەختیان لەوە کردەوە کە ئەوەی ڕوویداوە کردەوەیەکی قبوڵنەکراوە لەژێر هەر بیانوویەکدا بێت، و لەلایەن هەر لایەنێکەوە بێت و پێویستە هەموو لایەنەکان ئەولەویەت بە بەرژەوەندی باڵای پارێزگاکە و هاوڵاتیانی بدەن، و وتوێژ وەک کلیلی ڕەتکردنەوەی ناکۆکییەکان و پاراستنی پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە کەرکوک بمێنێتەوە.
هاوپەیمانێتیەکە داوای پابەندبوون بە گفتوگۆیەکی نیشتمانی دەکات کە پشتیوانی لە ئارامی و بڵاوکردنەوەی ئاسایش و سەقامگیری لە پارێزگای کەرکوک بکات، کە تایبەتمەندی و هەمەجۆرییەکەی ناسراوە، چوونکە سەرچاوەی هێز و شانازییە بۆ هەموو ئایین و نەتەوە و لایەنەکانی عێراق لە پارێزگاکەدا.
لەکۆبوونەوەکەدا لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە ڕێککەوتن كراوه:
1ـ پێکهێنانی لیژنەیەکی سەرکردایەتی لە هاوپەیمانی بۆ سەردانیکردنی پارێزگای کەرکوک و ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە فەرمی و کۆمەڵایەتییەکان لە هەموو پێکهاتەکانی پارێزگاکە و دۆزینەوەی چارەسەری بەپەلە بۆ کێشەکان، لەسەرەتادا چارەسر کردنی کێشەی بارەگاکە، و لەگەڵ ئەنجامدانی گۆڕانکاری ئیداری لە کەرکوک بە شێوەیەک کە هاوسەنگی لەنێوان هەموو پێکهاتەکانیدا بپارێزێت.
2ـ پشتیوانی کردن لە بڕیارەکەی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی پەرلەمانی لە پێناو لێکۆڵینەوە لە ڕاستییەکانی کەرکوک و جەختکردنەوە لەسەر پێویستی ئاشکراکردنی ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکە بۆ ڕای گشتی و وسزادانى هەر کەسێک کە سەلمێنراو تێوەگلاوە لە ڕووداوەکان و سەر بەهەر لایەنێک بێت.
3ـ پابەندبوونی لایەنەکانی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ ئەو ڕێککەوتنە سیاسییەی کە لەبەرنامەی وەزیراندا جێگیرکراوە، و لەگەڵ دەستوور و یاسادا هاوسەنگە و لە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر دراوە.
4ـ ڕاگرتنی شەڕی میدیا و گفتوگۆکردن لەسەر جیاوازیی ڕا وبۆچوونەکان لە نێو هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت.
5ـ پابەندبوون بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەو شێوەیەی کەبڕیارە لە کانونی یەکەمی داهاتوودا ئەنجام بدرێت، وهەروەها لە پارێزگای کەرکوکیش ئەنجام بدرێت.
6ـ پشتگیری کردن لەبڕیارەکەی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ میوانداریکردنی وەزیرانی دارایی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق.