بەغداد - INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، حەیان عەبدولغەنی جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری وزە و وەزیری نەوت، سەركەوتنی پلانی سوتەمەنی و خزمەتگوزاری سەردانی چلەی ڕاگەیاند.
وەزارەتی نەوت لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری وزە و وەزیری نەوت حەیان عەبدولغەنی، سەركەوتنی ئەو پلانە سووتەمەنی و خزمەتگوزارییەی ڕاگەیاند كە لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە پەسەندكراوە بۆ پاڵپشتیكردنی كەرتی حكومی و تایبەت كە بەشدارن لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بۆ سەردانكەرانی چلە لە پارێزگای كەربەلا و ڕێگاكانی ڕێڕەوی سەردانكەران لە پارێزگاكانی عێراق.
هەر بەپێی بەیاننامەكە، عەبدولغەنی جەختیكردەوە: وەزارەتی نەوت و پێكهاتە نەوتییەكانی سەركەوتنێكی بەرچاویان بەدەستهێناوە لە دەستەبەركردن و دابینكردنی پێداویستییەكانی خزمەتگوزاری سەردانیكەران بۆ بەرهەمەكانی نەوت و ئاو و خۆراك و گواستنەوەی گەشتیاران لە پارێزگاكانی عێراق بە درێژایی ڕێگاكە بۆ پارێزگای كەربەلای پیرۆز، هەروەها ستایشی هەوڵی كرێكارانی كۆمپانیاكانی نەوتی كرد كە لە ناوەڕاستی مانگی ئابەوە تا ئەمڕۆ شەو و ڕۆژ كاریان كردووە بۆ بەدیهێنانی لێشاوی بەرز لە پڕۆسەی ئامادەكاری و پشتیوانی خزمەتگوزاری بۆ سەردانی ملیۆنی.
هەروەها ئاماژەی كرد: بە دابینكردنی (540) ملیۆن لیتر بەنزین بۆ ئۆتۆمبیل و زیاتر لە (410) ملیۆن لیتر گاز لەگەڵ (60) ملیۆن لیتر نەوتی سپی و (1306854) ملیۆن بوتڵی غاز.