وەزیری خوێندنی باڵا: زانکۆکانی عێراق ئامادەن بۆ ئاڵوگۆڕی سکۆلەرشیپ و زەمالە لەگەڵ زانکۆ میسرییەکان

ناوخۆ
  • 4-09-2023, 16:41
  • +A -A

    بەغداد/ INA
    ئەمڕۆ دووشەممە"نەعیم عەبودی"وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی،تەئکیدی کردەوە کە زانکۆکانی عێراق ئامادەن بۆ ئاڵوگۆڕی سکۆلەرشیپ و زەمالە لەگەڵ زانکۆکانی وڵاتی میسر.
    وەزارەتی خوێندنی باڵا  لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی، رایگەیاندوە:-ئەمرۆ "نەعیم عەبودی"وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، پێشوازی لە "وەلید محەمەد ئیسماعیل " باڵیۆزی کۆماری میسری عەرەبی لە عێراق کرد و هەردوولا باسیان لە هاوکاری ئەکادیمی هاوبەشیان کرد لە ژێر ڕۆشنایی لێکتێگەیشتن لە نێوان هەردوو وڵاتی برادا .
    هەر لە میانی دیدارەکەدا وەزیری خوێندنی باڵا  جەختی لە پەرۆشی دامەزراوە ئەکادیمیەکانی عێراق کردەوە بۆ پەرەپێدانی زانست و پەروەردەی هاوبەش  لەگەڵ هاوتاکانیان  لە ناوچەکە و جیهان.
    وەک بەیاننامەکە ئاماژەی پێداوە:- وەزیری خوێندنی باڵا رایگەیاندوە کە زانکۆ و دامەزراوە پەروەردەییەکانی عێراق ئامادەن بۆ ئاڵوگۆڕی سکۆلەرشیپ و زەمالە و ئەنجامدانی کۆنفڕانس و وۆرک شۆپ و توێژینەوەی هاوبەش لەگەڵ زانکۆکانی میسر لە بوارەکانی زانستی و مەعریفی.
    لەلایەن خۆشیەوە باڵیۆزی میسر جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی "چاوەڕوانی پەیوەندیی ئەرێنی زیاترە لەسەر ئاستی ئەکادیمی تا زانکۆکانی هەردوو وڵات بتوانن فەزای کاری هاوبەشیان هەبێت کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەل بکات.