بەغداد - INA
سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان محەمەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆكایەتی كۆبوونەوەیەكی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئاسایشی نیشتمانی كرد.
وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزەچەكدارەكان لیوای هێزە تایبەتەكان یەحیا ڕەسوڵ عەبدوڵا، لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، رایگەیاند: سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان محەمەد شیاع سودانی، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆكایەتی كۆبوونەوەیەكی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئاسایشی نیشتمانی كرد بە ئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجومەنەكە كە تیایدا باس لە دوایین پێشهاتە ئەمنییەكان و گرنگترین ئاستەنگییەكان و ڕێگاكانی ڕوبەڕوبوونەوەیان كرا.
ئاشكراشیكرد: ئەنجومەنەكە میوانداری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەزیری كارەبا و لیژنەی تەكنیكی پرۆژەكانی كەهرۆنەوەوەی كرد كە تیایدا باسیان لە وەبەرهێنانی وزەی ناوەكی كرد لە بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا لەسەر ئاستی نیشتمانی، و دەستپێكردن بە دروستكردنی كارلێكەری ناوەكی سنووردار بۆ مەبەستی ئاشتیخوازانە و بەرهەمهێنانی وزەی كارەبای خاوێن كە دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی پشتبەستن بە سەرچاوەكانی تری وزە وەك گاز و نەوت، و كاریگەری ئەرێنی دەبێت لەسەر سەقامگیری وزەی كارەبا بۆ ماوەیەكی درێژ.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، كە لە تەوەرێكی دیكەدا هەڵسەنگاندن بۆ قۆناغی دووەم كرا، و دەست كرا بە قۆناغی سێیەم بۆ پلانی گواستنەوەی بەرپرسیارێتی ئەمنی لە وەزارەتی بەرگرییەوە بۆ وەزارەتی ناوخۆ، دوای سەركەوتنی قۆناغی یەكەم كە پارێزگاكانی (موسەنا و دیوانیە و واست) ی لە خۆگرتبوو، لە كاتێكدا قۆناغی دووەم پارێزگاكانی (نەجەف و زیقار) لەخۆ دەگرێت و چاوەڕوان دەكرێت قۆناغی سێیەم پارێزگاكانی (سەڵاحەدین و ئەنبار و نەینەوا) بگرێتەوە.