سەرۆکی کۆمار پێشنیارێکی بۆ پێکهێنانی ئەنجوومەنی باڵای ئاو ڕادەگەیەنێت

سیاسی
  • 27-08-2023, 17:52
  • +A -A

    بەغداـINA
    ئەمڕۆ یەکشەممە"لەتیف جەمال ڕەشید " سەرۆک کۆمار، کۆبوونەوەیەکی فراوانی لە کۆشکی بەغداد سازکرد، کە تیایدا "فواد حسێن "جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە و "فارس عیسا " نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان  و ژمارەیەک بریکاری وەزیر و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانی گشتی کورد ئامادەی بون.
    لەبەیاننامەیەکد کە نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک کۆمار بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی ، تیایدا هاتووە :- کە لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا سەرۆک کۆمار بارودۆخی گشتی و پێشهاتەکانی وڵات خستەروو، پاشان  جەختیکردەوە لەوەی  کە پێویستە هەوڵی جدی بدرێت  بۆ خزمەتکردن بە دەزگا و دامەزراوەکانی حکومەت و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان. 
    بەپێ بەیاننامەکە سەرۆک کۆمار داوای چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کرد لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا، هەروەها پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێم و بەردەوامبوون لە کارکردن بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە وڵات بەهۆی ئەو کاریگەرییانەی لەسەر باشترکردنی خزمەتگوزاری و بارودۆخی ژیانی هاونیشتمانیان هەیەتی لەڕێگەی نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی ئابوری و پشتگیریکردن لە وەبەرهێنان و کەرتی تایبەت.
    هەروەک سەرۆک کۆمار باسی لە گرنگی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیهان و خستنەگەڕیان بۆ بەدیهێنانی گەشەپێدان و خۆشگوزەرانی لە وڵاتدا کرد، سەرۆک کۆمار باسی لە قەیرانی ئاو کرد و ڕوونیکردەوە کە دۆسێی ئاو گرنگییەکی زۆری هەیە، و  کاری جدییش دەکرێ بۆ پێکهێنانی ئەنجوومەنی باڵای ئاو بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەری پێویست لەڕێگەی هەماهەنگی و هاریکاری لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بۆ دەستەبەرکردنی پشکێکی دادپەروەرانە و گونجاو و پێویستی  ئاو بۆ گەلی عێراق،جەختیشیکردەوە لەسەر پێویستی پەیڕەوکردنی شێوازی دڵۆپاندن و شێوازە مۆدێرنەکانی ئاودێری و چارەسەرکردنی کێشەکانی ئاو، بە تایبەت زیادەڕەوی لە گۆمی ماسی بێ مۆڵەتدا.
    لەبەشێکی دیکەی بەیاننامەکەی نوسینگەی سەرۆک کۆماردا هاتووە:- سەرۆک کۆمار  دوپاتیکردەوە لەسەر گرنگی کارکردنی بەردەوام بۆ پەسەندکردنی ڕەشنووسی یاساکان کە ئاراستەی ئەنجومەنی نوێنەران کراون، بەتایبەتی پڕۆژەیاسای بە پارێزگاکردنی شاری هەڵەبجە، پرۆژە یاسای ئەنجومەنی فیدراڵ، یاسای نەوت و گاز، و هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی فەرماندەیی سەورەی هەڵوەشاوە.
     وەک بەیاننامەکە ئاماژەی پێداور :- لە بەرامبەردا فوئاد حسێن جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە باسی لە گرنگترین بابەتە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان کرد و هیوای خواست کە چارەسەری ڕیشەیی بۆ ئەم پرسانە بدۆزرێتەوە.
    هەروەک ئامادەبووان باسیان لە پێویستی درێژەدان بە دیالۆگی بونیادنەر و کاریگەر کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان بە پێی دەستوور و یاسا، بە شێوەیەک کە مافی هەموو هاووڵاتیان زامن بکات و خواستەکانیان بەدیبێت. 
    لەکۆتایی کۆبونەوەکەدا ، ئامادەبووان سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ سەرۆک کۆمار و وتە بەنرخەکانی و پەرۆشی بۆ پتەوکردنی یەکێتی نیشتمانی لە نێوان گەلی عێراقدا دەربڕی.