بەغداد - INA
ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەزگای وەزارەتی ناوخۆ بۆ كاروباری هەواڵگری و لێكۆڵینەوەی فیدراڵی، ڕایگەیاند: مەفرەزەكانی توانیویانە 6 داواكراو، بەپێی حوكم و ماددەی یاسایی جۆراوجۆر، لە شاری كەربەلای پیرۆز دەستگیربكەن.
دەزگاكە لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: لەچوارچێوەی جێبەجێكردنی ڕێنماییەكانی وەزیری ناوخۆ، كە بەدواداچوونی چەتە تاوانكارییە ڕێكخراوەكان و لە یاسا دەرچووان لەخۆ دەگرێت، هاوكات لەگەڵ ڕێوڕەسمی چلە لە پارێزگای كەربەلای پیرۆز، دەزگای هەواڵگری هەڵمەتێكی ئەمنی سیستەماتیكی دەستپێكرد بۆ گەیشتن بەكۆمەڵێك ئامانجی هەڵبژێردراو لە پارێزگای كەربەلا.
ئاماژەی بەوەشكرد: مەفرەزە تایبەتەكانی دژەتیرۆرمان لەناو پارێزگای كەربەلا توانیان بەپێی حوكم و مادەی یاسایی جۆراوجۆر 6 داواكراو دەستگیربكەن، گرنگترینیان تێوەگلانیان بووە لە بازرگانیكردن بە ماددە هۆشبەرەكان و چەكدا، هەندێكیشیان لە ڕێگەی بەكارهێنانی ژمارەی تەلەفۆنی ساختە و ئەكاونتی ئەلیكترۆنی ئیستفزازی ژنانیان دەكرد، هەندێكی دیكە تاوانی خێڵەكییان ئەنجامداوە كە دەبێتە هۆی ترساندنی هاوڵاتیان و تێكدانی ئاسایشیان.
ئاشكراشیكرد: دەستگیركراوەكان وتەیان لێوەرگیراوەو بە ئاشكرا دانیان بەوەدا ناوە كە ئەم كارە تاوانكارییانەیان ئەنجامداوە، و وەك ئامادەكارییەك بۆ ئامادەبوونیان لەبەردەم دادگا ڕەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەكان كراون.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، كە دەزگای هەواڵگری داوا لە هاوڵاتیانی بەرێز دەكات،
پەیوەندی بكەن بە ژمارە تەلەفۆنی 144 بۆ گەیاندنی زانیاری لەبارەی لە یاسادەچووان.