عەلاق لەگەڵ شاندێكی بانكی نێودەوڵەتی گفتوگۆ لەسەر ڕێكخستن و چەسپاندنی گواستنەوەی دەرەكی دەكات

ئابوری
  • 24-08-2023, 19:41
  • +A -A

    بەغداد - INA
    پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق عەلی عەلاق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەگەڵ شاندێكی بانكی نێودەوڵەتی تاوتوێی هەوڵەكانی بانكی ناوەندی كرد بۆ ڕێكخستن و چەسپاندنی گواستنەوەی دەرەكی.
    بانكی ناوەندی لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: پارێزگاری بانكی ناوەندی پێشوازی لە شاندێكی باڵای بانكی نێودەوڵەتی كرد بەسەرۆكایەتی فەرید بلحاج جێگری سەرۆكی بانكی نێودەوڵەتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا.
    لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە: كە لە كۆبوونەوەكەدا باس لە هەوڵەكانی بانكی ناوەندی عێراق كرا بۆ ڕێكخستن و چەسپاندنی گواستنەوەی دەرەكی بەپێی مەرجەكانی پابەندبوون و ستانداردە نێودەوڵەتییەكان، هەروەها هاندانی بازرگانان بۆ چوونە ناو پلاتفۆرمی ئەلیكترۆنی بۆ كڕینی دۆلار لە ڕێگەی دابینكردنی ئاسانكاری باج و ڕێكارەكانی گومرگی كە حكومەت هەمواركردنی پێشبینیكراوی بۆ دەكات.
    ئاشكراشیكرد: لە كۆبوونەوەكەدا باس لە پێدانی قەرزی بچووك لە ڕێگەی بانكی (ریادە) كرا، كە بەرپرسیار دەبێت لە پێدانی قەرزی جۆراوجۆر بە پاڵپشتی بانكی ناوەندی عێراق و بانكە ئەهلیەكان، هەروەها كاركردن بۆ دامەزراندنی كۆمپانیایەكی گەرەنتی قەرز، ئەوە جگە لە گرنگیدان بە ستانداردەكانی پابەندبوون و مەترسییەكان بۆ گەشەپێدانی كەرتی بانكی.
    هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، لە كۆبوونەوەكەدا باس لە بارودۆخی بانكە حكومییەكان كرا كە نزیكەی ٪80ی قەبارەی كەرتی بانكی عێراق پێكدەهێنن، هەروەها پلانی باشتركردنی كارەكانیان، لەوانە هەمواركردنەوەی یاسا ناوخۆییەكانیان بۆ جێبەجێكردنی حوكمڕانی دامەزراوەیی كە لەلایەن بانكی ناوەندییەوە دەرچووە و پلانی دووبارە پێكهێنانەوەی ئەو بانكانە.
    لە كۆتایی بەیاننامەكەدا ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە: كە شاندی بانكی نێودەوڵەتی ستایشی هەوڵ و ڕێكارەكانی بانكی ناوەندی عێراقی كرد لە هەموو ئاستەكاندا و ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ پێشكەشكردنی هەر ئامۆژگارییەك یان شارەزاییەكی تەكنیكی لەو بوارانەدا، هەروەها بۆ بەردەوامبوون لە جێبەجێكردنی ئەو بەرنامانەی كە كاریان لەسەر دەكات لەگەڵ بانكی ناوەندی.