قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە

سیاسی
  • 24-08-2023, 19:06
  • +A -A

    هەولێر/ INA 
    ئەمڕۆ پێنچشەممەقوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان کۆبووەوە.

    نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆک وەزیران لە ڕاگەیندڕاوێکدا کە کۆپیەکی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە تێیدا هاتووە،قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم، پێشوازیکرد لە هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و تورکیا و هەروەها پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا تاوتوێ کران.
    لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکە کە رۆژی پێنج شەمە ٢٤ی ئابی ٢٠٢٣ لە هەولێر بەڕێوەچوو و تیایدا هەر یەکە لە دابان شەدەڵە جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم و ئەحمەد موفتی بریکاری وەزیری سامانە سروشتییەکان ئامادەی بوون، گفتوگۆ کرا لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و تورکیا و چارەسەر کردنی گرفتەکان لەنێویشیاندا پرسی فڕۆکەخانەی سلێمانی، هەردوولاش هاوڕابوون لەسەر گرنگی پتەوکردنی پەیوەندییەکان لە بوارە جیاوازەکان و بە تایبەتیش لە بواری بازرگانیدا.
    لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کرا. هەردوولا جەختیان کردەوە لەسەر پێویستیی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لەڕێگەی گفتوگۆ و دانووستانەوە. لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا سەرباری پەسندکردنی یاسای بودجە، کێشەی ناردنی بەشە بودجەی هەرێم هێشتا بە تەواوی چارەسەر نەکراوە. وتیشی: پەرتەوازەیی و نەبوونی یەکڕیزی لەنێوان لایەنە کوردستانییەکان کاریگەری هەبووە لەسەر چارەسەر نەکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و بەتایبەتیش لە پرسی بودجەدا.
    هەر لە کۆبوونەوەکەدا باسی چۆنییەتی بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەر کرا. هەردوولا بە پێویستیان زانی هەماهەنگی و هاوکاری زیاتر هەبێت لەنێوان لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەردوولا بۆ بنەبڕکردنی ئەو دیاردەیە.