بەغداد - INA
چوار سەرۆكایەتییەكە، ئەمڕۆ چوارشەممە، جەختیان لە گرنگی هاوكاریی تەواوی نێوان دەسەڵاتەكان كردەوە لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیران لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری دادوەر دكتۆر فایق زێدان، ئەمڕۆ چوارشەممە، میوانداری كۆبوونەوەیەكی سەرۆكایەتییەكانی كرد كە تیایدا سەرۆك كۆمار عەبدوللەتیف جەمال ڕەشید و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانی و سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران محەمەد حەلبوسی لەخۆگرتبوو، بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ڕێوشوێنە دادوەری و یاساییەكان بۆ ژمارەیەك بابەتی گرنگ لە وڵاتدا.
لە كۆبوونەوەكەدا لایەنە یاساییەكانی ئەنجامەكانی دیالۆگی ئەمنی نێوان عێراق و ویلایەتەیەكگرتووەكان خرانەڕوو، سەبارەت بە داهاتووی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هەماهەنگی ئاسایشی دوولایەنە بە پێی چوارچێوە دەستووری و یاساییەكان، و باس لە جێبەجێكردنی بەرنامەی حكومەت كرا لەگەڵ ئەو پێشكەوتنانەی لە ڕێگای پەرەپێدانی بەردەوام و پەرەپێدانی ژێرخان و خزمەتگوزارییەكان و بەرزكردنەوەی ئاستی ئەو خزمەتگوزارییانەی كە لەلایەن دەزگا جێبەجێكارەكانەوە بۆ هاوڵاتیان دابین دەكرێن.
بەیاننامەكە ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە: هەر لە كۆبوونەوەكەدا باسیان لە ڕێوشوێنە دادوەرییەكان كرد لە دۆسیەی ئەمنیدا، لەگەڵ ڕێگاكانی بەهێزكردنی ئاسایشی سنوورەكانی عێراق، و پەرەپێدانی كاری هێزە ئەمنییەكان كە ئەركی پاراستنیان هەیە، و پاراستنی ئەو ناوچانە و ئەو كەسانەی كە نزیك لە سنوورەكان دەژین لە هەر هێرشێك یان كردەوەیەكی سەربازی، هەروەها هەوڵەكانی هێزە چەكدارەكانمان بۆ بەدواداچوونی پاشماوەكانی تیرۆر، لەگەڵ پتەوكردنی ئاسایش و سەقامگیری لە هەموو بەشەكانی وڵاتەكەمان، و لە كۆبوونەوەكەدا جەخت لە سەر گرنگی هەماهەنگی تەواوی نێوان دەسەڵاتەكان كرایەوە لە دۆسیەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و پشتیوانیكردنی ڕێوشوێنە حكومی و دادوەرییەكان لەم دۆسیەیەدا، هەروەها تاوتوێی دەركردنی ئەو یاسایانە كرا كە پێشكەش بە ئەنجومەنی نوێنەران كراون لەگەڵ وەرگرتنی بۆچوونی دادوەر لەو یاسایانەدا كە بڕگەكانی ڕێوشوێنە دادوەرییەكانی تێدایە.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، كە لە كۆبوونەوەكەدا باس لە پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكانی عێراق كرا و جەختیان كردەوە لە سەر گرنگی سەردانی هاوبەش و بنیاتنەر لەگەڵ وڵاتانی دۆست و برادا، و دڵنیابوونەوە لە وەبەرهێنانی بەرهەمەكانی لە بەرژەوەندی عێراقدا.