سەرۆك وەزیران فەرمانی كرد بە ئامادەكردنی پلانێك بۆ پەرەپێدانی كەرتی فڕۆكەوانی

سیاسی
  • 23-08-2023, 19:02
  • +A -A

    بەغداد - INA
    ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆك وەزیران محەمەد شەیاع سودانی، فەرمانی كرد بە ئامادەكردنی پلانێك بۆ پەرەپێدانی كەرتی فڕۆكەوانی. 
    نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیران لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانی، ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆكایەتی كۆبوونەوەیەكی كرد كە تایبەت بوو بە بەدواداچوون بۆ پڕۆژەكانی گواستنەوە لە بودجەی گشتی فیدراڵیدا بۆ ساڵی 2023 كە وەزیرانی پلاندانان و گواستنەوە و دارایی و ژمارەیەك لە ڕاوێژكاران و بەڕێوەبەرانی گشتی لە فەرمانگە و دەسەڵاتە پەیوەندیدارەكان ئامادەی بوون.
    هەر لەبەیاننامەكەدا هاتووە، كە لە كۆبوونەوەكەدا باس لە پڕۆژەكانی وەزارەتەكە كرا لە چوارچێوەی پلانەكانی بەرنامەی حكومەتدا لەو ماوەیەی كە دیاریكراوە وە بەپێی بودجەی سێ ساڵ، وە هاوتابێت لەگەڵ پێشكەشكردنی پێشینەكانی حكومەت و بەشی لەخۆگرتن و دابینكردنی دارایی و جێبەجێكردن و دابەشكردنی ئەو پڕۆژانە لەنێوان پارێزگاكاندا.
    بەپێی بەیاننامەكە، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران جەختیكردەوە: لەسەر گرنگی چارەسەركردنی كێشەكانی جێبەجێكردن و دابینكردنی دارایی بۆ ئەم پڕۆژانە و دانانی چارەسەری چالاكانە بۆیان لەگەڵ دانانی جێگرەوە بۆ هەر بەربەستێك كە ڕووبەڕووی كاركردن ببێتەوە، چی بەربەستی ئیداری و یاسایی بێت یان بەربەستەكانی پەیوەست بە داراییەوە بێت.
    هاوكات لە كۆبوونەوەكەدا پێشكەوتنی كار لە پڕۆژەكانی بەندەری فاوی گەورە و قۆناغەكانی تەواوكردنی هێڵەكانی هێڵی شەمەندەفەری بەسرە-شەلامجە-ساوا-حیجامە، خرانەڕوو، هەروەها جەختی كردەوە لە گرنگی پەرەپێدانی كەرتی گواستنەوەی هێڵی شەمەندەفەر، چونكە نوێنەرایەتی بڕبڕەی پشتی پەرەپێدان دەكات لە ژێرخان و خزمەتگوزارییەكی زیادەیە كە ئاسانكاری بۆ جوڵەی هاوڵاتیان دەكات.
    هەروەها سودانی فەرمانی كرد بە ئامادەكردنی پلانێك بۆ پەرەپێدانی كەرتی فڕۆكەوانی و هێڵی ئاسمانی عێراقی و پەرەپێدانی ستافە تایبەتەكان و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان كە پشتگیری دەكەن.
    هەروەك لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لە سەر چەند پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاری دیكە كرا لە كەرتی گواستنەوە و ڕێوشوێنی پێویستی لەو بارەیەوە گرتەبەر.