قوباد تاڵەبانی لەگەڵ کونسوڵی نوێی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە

سیاسی
  • 23-08-2023, 18:35
  • +A -A

    هەولێر/ INA 
    ئەمڕۆ چوارشەممە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ کونسوڵی نوێی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

    نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆک وەزیران لە ڕاگەیندڕاوێکدا کە کۆپیەکی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە تێیدا هاتووە،قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، پێشوازیکرد لە مارک سترۆ کونسوڵی گشتیی نوێی ئەمریکا لە هەرێم و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چەند بابەتی جێگەی بایەخی هەردوولا تاوتوێ کران.
    لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەمە ٢٣ی ئابی ٢٠٢٣ لە هەولێر بەڕێوەچوو و تیایدا دابان شەدەڵە جێگری سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم ئامادەی بوو، قوباد تاڵەبانی بەبۆنەی دەستبەکاربوونییەوە وەک کونسوڵی نوێی ئەمریکا لە هەرێم، پیرۆزبایی لە مارک سترۆ کرد و هیوای خواست لە ماوەی ئەرکەکەیدا پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئەمریکا بەرەوپێشچوونی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.
    لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا باسی دۆخی ئازادی رادەربڕین و بواری رۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان و عێراق کرا و هەردوولا هاوڕابوون کە نەک هەر نابێت هەرێم لەرووی ئازادی رادەربڕین و بواری رۆژنامەگەرییەوە پاشەکشە بکات، بەڵکو دەبێت پەیوەندییەکی تەندروست و پیشەییانەتر لەنێوان دەسەڵاتی سیاسی و میدیادا هەبێت و پەرەی پێبدرێت.
    لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی دۆخی چالاکوانان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی کرا. لەمبارەیەشەوە جەختکرایەوە لەسەر پێویستیی هاوکاریکردنی زیاتری رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە هەموو شار و شارۆچکەکانی هەرێم.
    لە تەوەرێکی دیکەدا گفتوگۆ کرا لەسەر چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە لەسەر پێویستیی بەردەوامبوونی پرۆسەی چاکسازی و دوورخستنەوەی وەزارەتەکە لە ناکۆکی و ململانێ سیاسییەکان.