قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری ئاسایش کۆبووەوە

سیاسی
  • 23-08-2023, 16:44
  • +A -A

    هەولێر/ INA 
    قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان،ئەمڕۆ چوارشەممە، لەگەڵ وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری ئاسایش کۆبووەوە.
    نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیندڕاوێکدا کە کۆپیەکی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە تێیدا هاتووە،قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازیکرد لە تۆم توگێندهات، وه‌زيرى ده‌وڵه‌تى به‌ريتانيا بۆ كاروبارى ئاسايش و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا کۆمەڵێک بابەتی جێگەی بایەخی هەردوولا تاوتوێ کران.
    لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەمە، ٢٣ی ئابی ٢٠٢٣ لە هەولێر بەڕێوەچوو و تیایدا هەر یەکە لە دابان شەدەڵە جێگری سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم و رۆزی کەیڤ کونسوڵی گشتی بەریتانیا ئامادەی بوون، بە گرنگییەوە باس لە پێویستیی پاراستنی یەکڕیزی ناوماڵی کورد کرا.
    هەردوولا هاوڕابوون پاراستنی یەکڕێزی ناوماڵی کورد لەلایەکەوە کاریگەری هەیە لەسەر پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری سیاسی هەرێم و عێراق و تەنانەت ناوچەکەش، بەوپێیەی هێشتا مەترسی تیرۆر و گروپە تیرۆریستییەکان لە ئارادایە. لەلایەکی دیکەشەوە کاریگەری هەیە لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و بە پاراستنی یەکڕیزی ناوماڵی کورد باشتر دەتوانرێت کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر بکرێن و پێگەی کورد لە بەغدا بەهێزتر دەکات.
    لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی کێشەکانی ناو وەزارەتی پێشمەرگە و پرۆسەی چاکسازییەکانی ناو وەزارەت کرا. لەمبارەیەوە وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری ئاسایش جەختی لەسەر گرنگی چارەسەر کردنی کێشەکانی ناو وەزارەت 
    کرد، چونکە بەردەوامی کێشەکان کاریگەری نەرێنی لەسەر سەقامگیری هەرێم و عێراق دادەنێت.
    لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەشدا تاوتوێی چۆنییەتی بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی و تاوانی رێکخراو و لەناویشیاندا مادەی هۆشبەر کرا. وەفدەکەی بەریتانیا داوایکرد حکومەتی هەرێم زیاتر هاوکاربێت بۆ بنەبڕکردنی تاوانی رێکخراو و بەرەنگاربوونەوەی باندەکانی مادەی هۆشبەر و نەهێشتنی کۆچی نایاسایی.
    هەر سەبارەت بە پرسی کۆچی نایاسایی، جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند؛ ئەم بابەتە پێویستی بە هەماهەنگی و پێکەوەکارکردنی زیاتر هەیە و وتیشی: یەکێک لە چارەسەرەکان بۆ کەمکردنەوەی کۆچی نایاسایی ئەوەیە کە بەریتانیا و وڵاتانی رۆژئاوا زیاتر هانی کۆمپانیا و وەبەرهێنەرەکانیان بدەن بێنە هەرێمی کوردستان و هەروەها زیاتر هاوکار و بەشداربن لە گەشەپێدانی ئابوری هەرێم.