سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وه‌زيرى ده‌وڵه‌تى به‌ريتانيا بۆ كاروبارى ئاسايش كۆبووه‌وه‌

سیاسی
  • 23-08-2023, 12:51
  • +A -A

     هەولێرـ INA

     ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 23/8/2023، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز تۆم توگێندهات وه‌زيرى ده‌وڵه‌تى به‌ريتانيا بۆ كاروبارى ئاسايش و شاندێكى ياوه‌رى كرد.
    نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەڕاگەیێندراوێکدا کەبۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، ڕاگەیاندن: له‌کۆبوونه‌وه‌يه‌كدا كه‌ به‌ڕێزان باڵيۆزى به‌ريتانيا له‌ عێراق و كونسولى گشتييان له‌ هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوون، دوايين پێشهاته‌كانى شه‌ڕى دژى تيرۆر و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى و مه‌ترسييه‌كانى داعش، هه‌ڵبژاردنه‌كان و دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، كۆچى ناياسايى بۆ به‌ريتانيا و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان، تاوتوێ كران.
    هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگيى هاريكاريى هاوبه‌شى به‌ريتانيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى كۆچى ناياسايى و تاوانى ڕێكخراو كرده‌وه‌ و هاوڕا بوون كه‌ بۆ ڕێگريكردن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ى مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان له‌ ناوچه‌كه‌، هاريكاريى هاوبه‌شى ناوچه‌يى پێويسته‌ و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ده‌بێ هه‌نگاوى پێويست بگيرێنه‌ به‌ر. هه‌رله‌مباره‌يه‌وه‌ باس له‌ ياداشتێكى لێكگه‌يشتن كرا كه‌ له‌نێوان حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى به‌ريتانيادا واژۆ ده‌كرێت.
    له‌باره‌ى دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستانيشه‌وه‌، هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگى و پێويستيى پته‌وكردنى هاوهه‌ڵوێستى و يه‌كڕيزيى ناوخۆیى و ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن. هه‌ر له‌باره‌ى هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان پابه‌ندى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنه‌ و شه‌رعيه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ دێت.
    له‌ ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، خرانه‌ به‌ر باس.