قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی هیندستان لە عێراق کۆبووەوە

سیاسی
  • 22-08-2023, 19:57
  • +A -A

    هەولێر/ INA 
    ئەمڕۆ سێشەممە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ باڵیۆزی هیندستان لە عێراق کۆبووەوە.

    نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆک وەزیران لە  ڕاگەیندڕاوێکدا کە کۆپیەکی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە تێیدا هاتووە،قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازیکرد لە پراشانت پیسێ باڵیۆزی هیندستان لە عێراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا کۆمەڵێک پرسی جێگەی بایەخی هەردوولا تاوتوێ کران.
    لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا رۆژی سێ شەمە ٢٢ی ئابی ٢٠٢٣ لە هەولێر بەڕێوەچوو و تیایدا مادان گۆپاڵ، کونسوڵی گشتی نوێی هیندستان لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی لە کونسوڵی نوێی هیندستان کرد بەبۆنەی دەستبەکاربوونییەوە و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکەکەیدا.  
    لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا باس لە چۆنییەتی گەشەپێدان بە بەرنامەی پەرەپێدانی تواناکان کرا، لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی سوپاسی حکومەتی هیندستانی کرد کە لەماوەی رابردوودا لە چوارچێوەی ئەو بەرنامەیەدا خولی راهێنانی بۆ ٦٠ فەرمانبەری هەرێمی کوردستان لە وڵاتەکەیدا کردوەتەوە، هیواشی خواست گەشەی زیاتر بەم بەرنامەیە بدرێت و لە داهاتوودا ژمارەیەکی زیاتر لە فەرمانبەران بۆ راهێنان لە بواری جیاوازدا رەوانەی هیندستان بکرێن.
    لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە پرۆسەی بە ئەلیکترۆنی کردنی حکومەت کرا. جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە هیندستان ئەزمونێکی دەوڵەمەند و پێشکەوتووی هەیە و دەتوانێت یارمەتی کوردستان بدات. داواشیکرد پلانێکی هاوبەش دابنرێت تا گەنجانی هەرێم بۆ راهێنان لە بواری تەکنەلۆژیادا رەوانەی هیندستان بکرێن یان حکومەتی هیندستان پسپۆڕانی خۆی بنێرێتە هەرێم.
    هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکان کرا و لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی رایگەیاند حکومەتی هەرێم پێشوازی دەکات لە کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی هیندستان و هەموو جۆرە کارئاسانییەکیان پێشكەش دەکات.