سەرۆك كۆمار جەخت لەسەر پێویستی گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بوومەلەرزە دەكاتەوە

سیاسی
  • 21-08-2023, 16:39
  • +A -A

    بەغدا -  INA
    ئەمڕۆ دووشەممە سەرۆك كۆمار عەبدولەتیف جەمال ڕەشید جەختی لە گرنگی بەهێزكردنی توێژینەوەی زانستی و ئەكادیمی لە بوارە جیاجیاكان كردەوە، هاوكات جەختی لەسەر پێویستی گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بوومەلەرزە و كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی كردەوە.
    سەرۆكایەتی كۆمار لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردووە ڕایگەیاندووە : كە سەرۆك كۆمار عەبدلەتیف جەمال ڕەشید ئەمڕۆ لە كۆشكی بەغدا پێشوازی لە نەقیبی جیۆلۆجیستەكانی عێراقی سەعد عوبێد محەمەد و شاندی یاوەری كرد.
    سەرۆك كۆمار جەختی لە گرنگی بەرەوپێشبردنی توێژینەوەی زانستی و ئەكادیمی لە بوارە جیاجیاكاندا بۆ بەشداریكردن لە پەرەپێدانی سامانە سروشتییەكان و سود وەرگرتن لێیان لە دامودەزگاكانی دەوڵەت بۆ بەدیهێنانی پێشكەوتن و خۆشگوزەرانی، ئاماژەی بەپێویستی ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەكانی ئاو كەمیی لە وڵاتدا و كاركردن بۆ باشتركردنی ڕێگاكانی بەڕێوەبردنی ئاوی ژێر زەوی بەپێی پلانێكی تەكنیكی.
    سەرۆك كۆمار ئاماژەی بە پێویستی گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بوومەلەرزە و كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانیان بە پەسەندكردنی ئەو تایبەتمەندییە تەكنیكیانەی كە لە بواری بیناسازیدا پەسەندكراون و سوودوەرگرتن لە ئەزموون و شارەزایی ئەو وڵاتانەی كە بەردەوام بەركەوتەی بوومەلەرزە دەبن.
    لای خۆیەوە نەقیبی سەندیكای جیۆلۆجیستەكان جەختی لە گرنگی گرنگیدان بە بابەتی زانستی زەوی لە چوارچێوەی پرۆگرامەكانی قوتابخانەدا كردەوە، ئاماژەی بە ئەو هەوڵانەی دراون بۆ سازدانی دووەمین كۆنفرانسی جیۆلۆجی عەرەبی لە مانگی تشرینی دووەمی داهاتوو بە هاوكاری یەكێتیی جیلۆجییەكانی عەرەب.
    لەكاتێكدا سەرۆك كۆمار خواستەكانی خۆی بۆ كۆنفرانسەكە دەربڕی بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی و هاتنە پێشەوەی ڕاسپاردەكان كە بەشداربن لە بەهێزكردنی هاریكارییەكانی نێوان وڵاتانی ناوچەكە و گەیشتن بە گەشەسەندنی هەمەلایەنە لە وڵاتدا، جەختیشی كردەوە لە پاڵپشتییەكانی بۆ بەستنی كۆنفرانسی عەرەبی لە بەغدا.